رووداوی هاتوچۆ له خورماتوو
مێردمنداڵێک گیانی لەدەست دا و سێ کەسیش بریندار بوون
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 18.4.2026 لەسەر رێگای سەرەکیی کەرکوک – بەغدا لە نزیک دەروازەی خورماتوو رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان پیکابێک و مینی پاسێکدا روویدا کە بەهۆیەوە مێردمنداڵێکی 13 ساڵان گیانی لەدەست دا و سێ سەرنشینی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
ئیحسان عەباس، بەڕێوەبەری هاتووچۆ دەرەکییەکانی خورماتوو بە 964ـی وت، “رووداوەکە کاتژمێر 4:30ـی بەرەبەیان لە نزیک دەروازەی قەزای خورماتوو روویداوە، پێکدادانەکە لە نێوان پیکابێک و مینی پاسێک بووە، کاتێک مینی پاسەکە بەتیژڕەوییەوە هاتووە، پیکابەکەش بەهۆی تاریکی رێگاوە راستەوخۆ هاتووەتەسەر رێگا گشتییەکە و رووداوەکەی لێ کەوتووەتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی توندیی پێکدادانەکەوە ئۆتۆمبێلە پیکابەکە گڕی گرتووە، لەو کاتەدا سێ کەسی تێدابووە کە شۆفێرەکە و دوو مێردمنداڵ بوون، یەکێک لە مێردمنداڵەکان بەهۆی سەختی برینەکەی و زۆریی رێژەی سووتانەکەی، دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە، هەروەها شۆفێرەکە و مێردمنداڵەکەی دیکەش لەگەڵ سەرنشینێکی مینی پاسەکە بە سەختی برینداربوون.
ئیبراهیم خالید، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو بە 964ی رایگەیاند: دوای گەیاندنی تەرمی مێردمنداڵێکی سووتاو و سێ برینداری دیکەی رووداوەکە بۆ بەشی فریاکەوتن، بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە و پاش وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادیی شاری کەرکوک کراون.
ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هاتووچۆ لێکۆڵینەوەیان لە هۆکار و چۆنیەتی رووداوەکە دەستپێکردووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا
رووداوی هاتوچۆ
چەند ئۆتۆمبێلێک پێکیانداداوە
لە سەر شەقامی 120ـی هەولێر جەنجاڵییەکی زۆر هەیە
پێنج خوێندکاری کچ برینداربوون
لە یەکەم رۆژی دەوام تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون
سلێمانی
نزیكەی 10 هەزار هاوڵاتی سەردانی نەخۆشخانەی شاریان كردووە
رووداوێكی سەختی هاتوچۆ لە فەللوجە