هەواڵەکان لەگەڵ چاوان
غازی ئۆتۆمبێل گران بووه و ئهمڕۆ سهرما زیاتر دەبێت
ژووری ههواڵ
لە ماوەی کەمتر لە چوار مانگدا هەر لیترێکی غازی LPGـی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی 175 دیناری چووەتە سەر، دواجار 25 دینار زیادی کرد، هەر لیترێک لە 550 دینارەوە بووە بە 575 دینار.
964 لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە دەزانێت، هۆکاری گرانبوونی نرخی غازی ئۆتۆمبێل بازرگانەکانن کە خۆیان نرخ دیاری دەکەن.
عیرفان ئەحمەد، خاوەنی بەنزینخانە لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، چەند رۆژێکە نرخی غازی LPGـی ئۆتۆمبێل 25 دیناری چووەتەسەر و پێشبینیش ناکات هەرزان ببێتەوە.
ئەمڕۆ 150 پۆلیس لەزاخۆ نۆرەیان گرتبوو، هەموویان خوێنیان دەبەخشی، چونکە بانکی خوێن لەوێ پێویستی بوو.
ئەبوبەکر عوسمان، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی زاخۆ، بە 964ی وت بۆ هەر رۆژێک زیاتر لە 40 بوتلی خوێن بۆ نەخوشەکان پێویسته، بە تایبەت خوێنی جۆری -B چونکە زۆر کەمە، بۆیە ئێمە داوامانکرد پۆلیس هاوکاریمان بکەن.
ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە 964 وت ئەمە یەکەمجار نییە، جاری تریش خوێنمان بەخشیوەو هەر کاتێک نەخۆشخانە پێویست بوو ئەوا یەکسەر خوێنیان بۆ دابین دەکەین.
روومان لە زستانەو لەپێشنیوەڕۆوە نمەباران لە زۆربەی هەرە زۆری شارەکان دەستی پێکردووە، کەشناسی دەڵێت: بارانبارین لە ناوەندی شارەکان لە دوای نیوەڕۆ بەهێز دەبێت و تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت.
بەشی پێشبینی کەشوهەوا لەوەزارەتی گەیاندن دەڵێت: لە لووتکەی ناوچە شاخاویەکانیدا بەفر دەبارێت، کاریگەریی شەپۆڵی بەفر و باران لە درەنگانی شەودا لاواز دەبێت.
بە گشتی ئەمڕۆ لەهەموو شارەکان کەشوهەواکە هەندێ ساردە و ئاگاداری خۆتان بن.