دوو کارمەندی تەندروستیی کۆیە لە کاتی کوتانی دوو منداڵدا - وێنە: تەندروستیی کۆیە
بۆ ئەو منداڵانەیە کە نەکوتراون
هەڵمەتێکی 10 رۆژەی کوتان لە کۆیە دەستیپێکردووە
پێشەوا محەمەد
تەندروستیی کۆیە هەڵمەتێکی کوتانی بۆ ئەو منداڵانە دەستپێکردووە، کە بە هەر هۆکارێک بێت کوتانەکانیان دواکەوتووە و ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.
هەڵمەتەکە بۆ ئەو منداڵانەیە کە لە وادەی کوتانی ساڵانەیان بە پێی دەفتەری کوتانەکەیان دواکەوتوون و ئەوانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان خوار پێنج ساڵانە.
هاوکار عەلی، وتەبێژی تەندروستی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، بەشێک لە منداڵان بەهۆی کەمتەرخەمیی دایک و باوکیان یان دوورەدەستیان لە بنکە تەندروستییەکان بەتایبەت ئەوانەی لە گوندەکانن کوتانیان دواکەوتووە و هەڵمەتەکە بۆ ئەوانە.
وتیشی، “نەکوتانی ئەو منداڵانە کێشەیە و کەیسمان هەیە بەهۆی نەکوتانیانەوە منداڵ تووشی ئیفلیجی بووە یان کێشە لە چاو و مێشکیاندا دروست بووە”.
ماوەی چوار رۆژە ئەو هەڵمەتە بەردەوامە و شەش رۆژی تری ماوە.
“تیمی گەڕۆکمان دروست کردووە و کۆڵان کۆڵان و گوندا و گوند دەگەڕێن و هەر منداڵێک بەپێی دەفتەرەکەی نەکوترابێت یان دواکەوتبێت کوتانەکەی بۆ ئەنجام دەدەرێت”، ئەوەش قسەی هاوکار عەلییە.