دیمهنێكی بیناى سهرۆكایهتى شارهوانى تهكیه... راگهیاندنى شارهوانى
بەیانى رادەگەیەنرێت
شارەوانى تەکیە شوێنى کۆشک و فرۆشتنى کەلوپەلى کۆنە بەکرێ دەدات
وریا فەتاح
شارەوانى تەکیە لەرێگەی دوو ئاگادارى کە بڵاوى کردووەتەوە، هەڵدەستێت بە بەکرێدانى شوێنى فرۆشتنى (دەرگا و کەلوپەلى کۆن) و بە کرێدانى (شوێنى کۆشک) لەناو یەکێک لە پارکەکان، سبەینێ چوارشەممە، لە زیادکردنێکى ئاشکرادا ناوى ئەو کەسانە رادەگەیەنرێت کە بۆیان دەردەچێت.
ئیبراهیم ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى تەکیە، بە 964ى وت “شوێنى کۆشکەکە لەناو بەخچەیەکدایە و دەکەوێتە گەڕەکى هەرێم، رەزامەندى نەخشتەدانان و ئاوەدانکردنەوەى بۆ وەرگیراوە کە کۆشکێکى بچوک لەناو باخچەکەدا دروستبکرێت و وەک کافتریایەکى بچوک بەکار بهێنرێت”.
وتیشى شوێنەکەى تر، زەوییەکى 200 بۆ 300 مەترییە و دەکەوێتە گەڕەکى هەندرێن، ئەو زەوییە وەک شوێنى فرۆشتنى دەرگا و پەنجەرە و کەلوپەلى کۆنە بەکاردەهێنرێت.
سبەینێ چوارشەممە 13.12.2023، لە شارەوانى تەکیە هەردو شوێنەکە لە زیادکردنێکى ئاشکرادا دەخرێنەڕوو و بۆ هەر کەسێک دەربچێت، بۆ ماوەى یەک ساڵ دەبێت کرێ بدات بە حکومەت، بەپێى وتەى سەرۆکى شارەوانى تا یەکلایى بونەوەى زیادکردنەکە، نرخەکان دیارى ناکرێن، چونکە بەشێوەى رکابەرییە و کێ زیاتر بدات بۆى دەردەچێت.
هەرکەسێک زیادکردنەکەى بۆ دەربچێت، نابێت بەبێ ئاگادارى شارەوانى هیچ ئیش و کارێک لە شوێنەکە ئەنجام بدات،هەروەها نابێت شوێنەکە بۆ هیچ شتێکى تر بەکار بهێنرێت جگە لەوەى کە داوایان کردووە.