"دەبێت رێکارەکان جێبەجێ بکەن"

لە سۆران 10 بەنزینخانە لە لێواری داخستن دان

964+

ئاکام غەفور _سۆران

لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 10 بەنزیخانە ماوەی دوو رۆژە داخراون، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی مەرجەکانی سەلامتییان تێدا نییە.

لە کۆی 34 بەنزینخانە لە قەزای سۆران 13 بەنزینخانە مەرجەکانی بەرگری شارستانیان جێبەجێ نەکردبوو، دواتر سێ بەنزینخانەیان پابەندی خۆیان بە رێکارەکان راگەیاند، ئەوەی ماوەتەوە 10 بەنزینخانەکەن کە ماوەی  10 رۆژ مۆڵەتیان پێدراوە، ئەگەر پابەند نەبن بەیەکجاری دادەخرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە 12.12.2023، زوبێر رەجەب قایمقامی ناوەندی سۆران بە 964ـی وت، ”تەواوی بەنزیخانەکانی سنوری قەزای سۆران  بەسەرکرانەوە، داوااکری ئێمە ئەوەیە کە هەموو بەنزیخانەکان بە %100ـی مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن، بەڵام 10بەنزینخانەمان بۆ ماوەی دوو رۆژ داخست ئێستا بەلێننامەیان لێ وەرگیراوە، تا مەرجەکان جێبەجێ بکەن”.

رەوەند هاودیانی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وت، “بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان لە کاتی بونی روداوی نەخوازراو، پێویستە بەنزینخانەکان سیستمێکی گونجاوی ئاگر کوژێنەوە، سیستمێکی گونجاوی کارەبا و  خەزانێکی سووتەمەنییان لە ژێر زەوی بێت، بە جێبەجێکردنی رێنماییەکان ئەتوانین زیانی رووداوەکان کەمتر بکەینەوە”.

بەرگری شارستانی سۆران پلانی وایە، لە دوای بەنزینخانەکان سەردانی تەواوی باڵەخانە و شوێنە گشتییەکان بکەن، تا سەرجەم شوێنەکان مەرجەکانی سەلامەتیی جێبەجێ دەکەن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا