دوکاندارەکان: نرخەکان هەر بەرز دەبنەوە و نەمانبینی رۆژێک دابەزێت

لە زاخۆ هێلکەی بەرهەمی ناوخۆ گران بووە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

دوو رۆژە لە زاخۆ هێڵکەی بەرهەمی ناوخۆ گران بووە و هەر کارتۆنێکی حەوت هەزار دیناری چووەتە سەر، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی زاخۆ دەڵێت، دڵنیایی دەدەم کە نرخەکەی دادەبەزێت.

لەبازاڕی زاخۆ دوو جۆر هێلکە دەفرۆشرێن، هێلکەی عێراقی و تورکی، زوو زوو گۆڕانکاری لە نرخەکەیان دروست دەبێت و هەرجارەی بەهۆکارێک.

ئەمڕۆ دووشەممە نرخی هەر کارتۆنێک هێلکەی ناوخۆیی بە 70 هەزار دینار بووە، لە کاتێکدا دوو رۆژ لەمەوبەر هەر کارتۆنێکی 63 هەزار دینار بووە.

یونس مستەفا، فرۆشگای بەرهەمە سپییەکانی هەیە، بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “نرخی بەرهەمی هێلکەی ناوخۆیی زوو زوو بەرزی و نزمی تێدەکەوێت، لای موشتەریەکانمان دووچاری ئیحراجی دەبین، پێویستە نرخێکی گونجاو لەسەر کەرەستەکان دابنرێت و هەر ئەو نرخە بمێنێتەوە”.

کۆڤان ئاڤدەل، بەرێوەبەری چاودێری و بازرگانی زاخۆ بۆ 964 وتی، “هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمی هێلکەی ناوخۆیی بۆ زۆربوونی خواست لەسەری دەگەڕێتەوە، دڵنیاین نرخەکەی لە داهاتوویەکی نزیک دادەبەزێت، نیازمان وایە ساڵی داهاتوو بەرهەمی هێلکەی ناوخۆیی هەناردەی دەرەوەی بکەین”.

ئەو خاوەن مارکێت و دوکانانەی بەرهەمی سپییاتی دەفرۆشن و قسەمان لەگەڵ کردوون هەموویان یەک قسە دەکەن و دەڵێن، نرخی پێداویستیەکان بەردەوام روو لە هەڵکشانە، چەند ساڵە هیچ کاتێک نەبووە نزم بێتەوە، هەر گران دەبێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

964 هۆکار بوو بۆ چارەسەرکردنی هێلکە تێکچووەکەی زاخۆ

964 هۆکار بوو بۆ چارەسەرکردنی هێلکە تێکچووەکەی زاخۆ