دیمەنێکی کارگە قارچکەکەی پێنجوێن - وێنە: پەیجی کارگەکە لە فەیسبووک
هەرێم گەیشتووەتە خۆبژێوی
پێنجوێن رۆژانە دوو تۆن قارچک بەرهەم دەهێنێت
پێشەوا محەمەد
کارگەی قارچکی پێنجوێن رۆژانە دوو تۆن بەرهەمی هەیە و سەرپەرشتیارەکەی دەڵێت، دەتوانن پەرە بە کارگەکە بدەن و بەرهەمەکەی رەوانەی دەرەوە بکەن.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 10 کارگەی بەرهەمهێنانی قارچک بوونیان هەیە و بەرهەمەکانیان لە ناوخۆدا ساغ دەکەنەوە.
سەروەر کازم، سەرپەرشتیاری کارگەی قارچکی پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، مانگانە 15 هەزار کارتۆن قارچک، کە هەر کارتۆنەی شەش قاپی تێدایە دەخەنە بازاڕە و دەیفرۆشن.
وتیشی، “قارچکەکە 31 رۆژی دەوێت تا پێدەگات و پاشان تا 21 رۆژ بەرهەمی لێ دەچننەوە و دوای ئەوە هەموو هۆڵەکان پاک دەکەنەوە و سەرلەنوێ قارچکی دیکەی تێدا بەرهەم دەهێننەوە”.
کارگەکە لە ساڵی 2013ـەوە بەرهەمی هەیە و نرخی هەر کارتۆنێک لەو قارچکە لەنێوان نۆ بۆ 12 هەزار دیناردایە بە نرخی رۆژ.
“ئێستا رێگای هێنانی قارچک تەنیا لە ئێرانەوە هەیە، لەوێش هێندە گرانە کەس هاوردەی ناکات، هاوردەکردنیشی قەدەغە کراوە لە وڵاتانی دیکەوە”.
964 لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە دەزانێت، بەرهەمی ساڵانەی کارگەکانی کوردستان زیاتر لە پێنج هەزار تۆنە و پێوستی ناوخۆش تۆن و نیوێکە و زیادەکەی رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت.