چاوهڕێی كۆنسێرتهكهی فەرهاد زیرەک مهبن
هاوڕێیەکی دەڵێت، “فەرهاد کۆنسێرت ناکات”
میدیازان – فەرمان سادق – هەولێر
پارێزگای هەولێر، دواخستنی کۆنسێرتی فەرهاد زیرەکی بۆ کاتێکی نادیار راگەیاند، هاوڕێیەکی نزیکیشی دەڵێ، فەرهاد کۆنسێرت ناکات.
ئەمڕۆ چواشەممە ١٢ـی تشرینی یەکەم، پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێکدا دواخستنی کۆنسێرتەکەی هونەرمەند فەرهاد زیرەکی بۆ کاتیكی نادیار راگەیاند.
لە ٢٧ـی ئەیلولی رابردوو، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو کۆنسێرتێک بۆ هونەرمەند فەرهاد زیرەک لە پارکی شانەدەر ئەنجامدەدات.
سبەی پێنجشەممە ١٣ـی تشرینی یەکەم، وادەی کۆنسێرتەکەی فەرهاد زیرەک بوو، بەڵام پاریزگاری هەولێر دەڵێ، ئامادەکارییەکان تەواو نەکراون، بۆیە کۆنسێرتەکە بۆ کاتێکی نادیار دوخرا.
“ئامادەکارییەکان تەواو نەکراون”
پارێزگاری هەولێر
میدیازان، لەڕێگەی مۆبایلەوە پەیوەندی بە هونەرمەند فەرهاد زیرەک کرد، بەڵام ژمارەکەی داخرابوو.
هاوڕێیەکی نزیکی فەرهاد زیرەک کە بەمەرجی پاراستنی ناوەکەی قسەی بۆ میدیازان کردووە دەڵێ، فەرهاد زیرەک کۆنسێرت ناکات.
ئەو هاوڕێیەی زیاتر روونی کردەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەناو ئاپۆڕای خەڵکەوە داوای لە فەرهاد زیرەک کردبوو کە رازی بێت کۆنسێرتی بۆ بکەن، ئەویش نەیویستووە لەناو خەڵکەوە قسهی بشكێنێت “بۆیە وتویەتی دەیکەم”.
زیاتر وتی “دوای ئەو کاتە، چەندجارێک فەرهاد زیرەک سەردانی دوکانەکەی کردووم، قسەی زۆرمان لەسەر کۆنسێرتەکە کردووە، بەڵام فەرهاد نایکات”.
فەرهاد زیرەک لەبەناوبانگترین هونەرمەندە میلییەکانی هەولێرە کە هەوادارێکی ئێجگار زۆری هەیەو ساڵانێکی زۆرە هیچ بەرهەمێکی نییە، تائێستاش زۆربەی هونەرمەندەکان گۆرانییەکانی دەڵێنەوە.