ژمارەیەک کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵات - وێنە: سۆشیال میدیا
تەقەیان لێکراوە
پێنج کۆڵبەرى کورد بریندارکران
964+
وریا فەتاح
پێنج کۆڵبەرى کوردى خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان، بە تەقەى راستەوخۆى هێزەکانى سەرسنوورى ئێران بریندار کران.
رێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو بڵاوى کردەوە، لە سنورەکانى نەوسود و بانە، پێنج کۆڵبەر بە ناوەکانى فەرهاد سولەیمانى و حەمزە سولەیمانى، خەڵکى شارى جوانڕ و دوو کۆڵبەرى دیکە کە خەڵکى شارى سەقزن بە ناوەکانى ئومێد ئیبراهیمى و عادل محەمەد نەژاد و کۆڵبەرێکى دیکە بە ناوى کەیوان، کە خەڵکى پیرانشارە، بە تەقەى راستەوخۆى هێزەکانى پاسەوانى سنوورى ئێران، بریندار کراون.
هەنگاو ئاماژەى بەوەکردووە، ئومێد ئیبراهیمى و عادل محەمەد نەژات، رۆژى پێنجشەممەى رابردوو بریندارکراون و
هەروەها فەرهاد سولەیمانى و حەمزە سولەیمانى، دوێنێ هەینى بریندار کراون، کۆڵبەرەکەى دیکە کە ناوى کەیوانە، رۆژى سێشەممە بریندار کراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئێوارەى رۆژى 6.12.2023، بەپێى ئەو زانیارییانەى لە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى هەڵەبجە بە 964 درا، کۆڵبەرێکى کوردى تەمەن 43 ساڵ بەناوى موزەفەر نازدار، کە خەڵکى شارى جوانڕۆیە، بە تەقەى پاسەوانى سنوور بریندار کرا و بۆ چارەسەر هێنرایە هەڵەبجە.