شاحینەیەکی گواستنەوە ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ ناو هەرێمی کوردستان دەگوازێتەوە. وێنە: 964
لە کوێتەوە بڕیارى کۆتایى دەدرێت
پێدانى ئۆتۆمبیل بە قسیت بۆ کارمەندانى تەندروستى راگیرا
+964
وریا فەتاح
پێدانى ئەو ئۆتۆمبێلانەى کە بە داشکاندن و بە شێوەى قیست دەدرا بە کارمەندانى تەندروستیی سلێمانی، راگیرا و بڕیارە دواى ساڵى نوێ لە کوێتەوە بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت پێدانى ئۆتۆمبێل بە قیست بەردەوام بێت یان بە یەکجارى بوەستێنرێت.
هاوژین عوسمان، سەرۆكی لقی سلێمانیی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی بە 964ى وت،” ئەو کۆمپانیایەى لێکتێگەشتنمان لەگەڵى هەبوو بۆ پێدانى ئۆتۆمبێل بە شێوەى قیست، ئێستا ئاگاداریان کردووین پێدانى ئۆتۆمبێلیان بە کارمەندانى تەندروستى راگرتووە”.
روونیشى کردەوە، دواکەوتنى پێدانى قیستەکان و کەڵەکەبوونى قەرزێکى زۆر لەسەر کۆمپانیاکە، هۆکارى راگرتنى پێدانى ئۆتۆمبێلن بە شێوەى قیست”.
بڕیارى کۆمپانیاکە کاتییە، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی دەڵێت: دواى سەرى ساڵ کۆمپانیاکە لە کوێت کۆدەبێتەوە و بڕیارى کۆتایى دەدەن.
ژمارەیەکى زۆرى کارمەندانى تەندروستى لە سلێمانى، بە شێوەى قیست ئۆتۆمبێلیان وەرگرتووە، کە خۆى دەبینیتەوە لەم جۆرانە،( “Arrizo 6 ، Tiggo 2 pro، Tiggo 4 pro، Tiggo 7 pro، Tiggo 8 pro”.).
بە پێى لێکتێگەیشتنى لقى سلێمانیی سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى و کۆمپانیاکە، 1000 دۆلار داشکاندن دەکرێت و پارەى تابلۆش دەگەڕێنرێتەوە، هەروەها 40%ى پێشەکى دەدرێت و 60%ى قیستەکەش بە سێ ساڵ دەدرێتەوە.
هاوکات، ئەو ئۆتۆمبێلانەى مۆدێل 2023ن، یەک ملیۆنێک کیلۆمەتر گەرەنتى دەکرێت و مۆدێلەکانى خوارتریش شەش ساڵ گەرەنتى گێڕ و کارەبایى لەگەڵە.