"رووبه‌ڕووی سزا و یاسایان بكه‌نه‌وه‌"

سودانی: بە ئامانجگرتنى باڵیۆزخانەى ئەمەریکا قبوڵکراو نییە


وریا فەتاح

بە پێى راگەیەنراوێکى وتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق، سەرۆک وەزیرانى عێراق، پەیامێکی ئاراستەى سەرجەم بەرپرسە ئەمنییەکان كردووه‌، کە لە ئاست بەرپرسیاریه‌تیدابن لەو هێرشانەى دەکرێتە سەر باڵیۆزخانەى ئەمەریکا و دیپلۆماتکارەکان له‌ عێراقدا.

یەحیا رەسوڵ، وتەبێژى فەرماندەى هێزە هێزە چەکدارەکان رایگەیاند: بەئامانجگرتنی دیپلۆماتکارەکان قبوڵکراو نییە.

دەشڵێت: فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە، دەستدرێژی دژی عێراق و سەقامگیری و ئاسایش ئەنجام دەدەن و ئەم گرووپانەش بە هیچ شێوەیەك نوێنەرایەتی خواستی گەلی عێراق ناكەن و داواشی كردووه‌ به‌دوای بكه‌رانی ئه‌و هێرشانه‌دا بچن و رووبه‌ڕووی سزا و یاسایان بكه‌نه‌وه‌.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 8.12.2023، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کەوتە بەر هێرش، ئەمەش لە پێشهاتێکی نوێی رووداوەکاندایه‌ له‌ دوای گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و به‌ تایبه‌تی شه‌ڕی ئیسرائیل و حه‌ماس.

له‌وه‌ته‌ی 17ی ئۆكتۆبه‌ری رابردووه‌وه‌ تا ئێستا 78 هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا.