
پەنابەران لە سنورە ئاوییەكانی ئەوروپا _ وێنە: ئاژانسەكان
رێککەوتنی نوێیان کردووە
ئیتاڵیا و بەریتانیا پەنابەران بۆ دەرەوەی وڵاتەکانیان دەنێرن
964+
ئەحمەد مستەفا
ئیتاڵیا بە یاسا چەسپاندنی کە ساڵانە زیاتر لە 36 هەزار کۆچبەر بۆ ئەلبانیا بنێرێت، هاوکات دوای سێ هەفتە لە رەتکردنەوەی بۆ گواستنەوەی پەنابەران، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و رواندا کۆبوونەوە و رێککەوتنێکی نوێیان واژۆکرد.
بە گوێرەی بڵاوکراوەی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران کە وێنەیەکی دەست 964 کەوتووە، هاتنی کۆچبەران بۆ سەر خاکی ئیتاڵیا لەسەرەتای ئەمساڵەوە 150 هەزار کۆچبەری تێپەڕاندووە، هاوکات 29 هەزار و 705 کەس بە بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە ئەودیوی کەناڵی ئینگلیز.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا روونیکردوەتەوە، کە ئەو رێککەوتنە نوێیە “وەڵامی نیگەرانییەکانی دادگای باڵا دەداتەوە بە دڵنیابوون لەوەی کە بەریتانیا بە تایبەتی ئەو کەسانە دەرناکات کە بۆ وڵاتەکەی دەگوازرێنەوە، روونە کە رواندا وڵاتێکی سەلامەتە و ئێمە بە خێرایییەکی بەردەوام کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی ئەم هاوبەشییە بە مەبەستی وەستاندنی بەلەمەکان لە کەناڵی ئینگلیز”.
هاوکات، تا مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو دوو سەنتەری دیاریکراو بۆ کۆچبەران لەسەر خاکی ئەلبانیا دروستدەکرێت، دەزگای لوتکە ئاشکرایدەکات، “ئەم رێوشوێنە ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە کە لەلایەن کەشتییە سەربازییەکانی ئیتاڵیا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا رێگرییان لێدەکرێت، تا مانگانە نزیکەی سێ هەزار کۆچبەر بۆ ئەلبانیا بنێرن”.