بەنزینی خراپیان فرۆشتووە

سێ بەنزینخانە لە هەولێر داخران

ژووری هەواڵ

لە هەولێر نمونەی ئەو بەنزینە براوەتە تاقیگە کە سێ بەنزینخانەی شارەکە فرۆشتویانە، دەرکەوتووە کوالیتی سوتەمەنییەکە خراپە و رێنماییەکان پێشێلکراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.12.2023، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا پشکنینیان بۆ 48 بەنزینخانە کردووە و لەو ژمارەیە سیانیان داخراون بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی کوالیتی خراپ.

هەر سێ بەنزینخانەکە بە مەرجی پێدانی بڕیک پارە کە وەک پێبژاردن دیاریکراوە و لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نییە، دەکرێنەوە، قایمقامی هەولێر وای وت.

نەبەز عەبدولحەمید زیاتر وتی، “هێشتا بڕیار لەسەر بڕی پێبژاردنەکە نەدراوە، بەڵام لەگەڵ دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکان، بڕی پێبژاردنەکە زیاد دەکات”.