10 ساڵه‌ حكومه‌ت له‌ جیاتى پرۆژە یاسای بودجە به‌ رێنمایی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بۆ ده‌یه‌مین ساڵه‌، حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژە یاسای بودجەی بۆ پەرلەمان نەناردووە و ته‌نیا لە رێگەی رێنماییەوە داهات و خەرجییەکانی ئەنجام دەدات، پەرلەمانتارێک پێی وایه‌ “دەبێت حکومەت سزا بدرێت و متمانەی لێ وەربگیرێتەوە”، سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئابوورى په‌رله‌مانیش ده‌ڵێ ، ئەوپەڕی نایاساییە حکومەت لە رێی رێنماییەوە بەڕێوە بچێت.

زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان به‌ +964ی وت “ئەوپەڕی نایاساییە حکومەت  لەرێی رێنماییەوە بەرێوە بچێت”، به‌ پێویستیشی ده‌زانێت حکومەت یاسای بودجەی هەبێت و بە پێی یاساکە کارەکانی ئەنجام بدات، بەڵام ده‌ڵێ “نۆ ساڵە حکومەتی هەرێم ئەم ئەرکە جێبەجێ ناکات، ئەمەش لاوازترین خاڵی حکومڕانیە”.

ئەو پێی وایه‌  یاسای بودجە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی حکومڕانی، بە نەبوونی ناشەفافیەت، نایەکسانی، تاکڕەوی لە حکومڕانی دروست دەبن، ده‌شڵێ “پەرلەمان، دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی، به‌هۆی نه‌بوونى پرۆژه‌ بودجه‌وه‌ رووبه‌ڕووى ئیحراجییەکی گەورە و ئەرکێکی قورس بوونه‌ته‌وه‌، چونکە پەرلەمان لە رێی ئەو یاسایەوە چاودێری خۆی ئەنجام دەدات، کە یاسا نەبوو نازانین چاودێری چی  بکەین و چۆن بیکەین”.

نەرمین مەعروف، پسپۆڕی بواری دراو و دارایی،  به‌ حاڵەتێكی ئاسایی ده‌زانێت، کە حکومەت بودجەی نەبێ، بەڵام نەک بۆ چەند ساڵێک لەسەر یەک.

ئەو، كه‌ پێشتر مامۆستای زانکۆ بووە و ئێستاش ئەندامی لیژنه‌ی دارایی پەرلەمانی عێراقه‌، ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ دەکرێت حکومەت ساڵێک یا دوو ساڵ بودجەی نەبێت، بەڵام ده‌بێ هۆکاری هەبێت.

وتیشی “پاساوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ نه‌بوونى پرۆژه‌ى بودجه‌، بەشێکی رەوایەتی هەیە، كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ قه‌یرانی ئابوورى، شه‌ڕى داعش، بڕینى بودجه‌ لەلایەن بەغدا و بوونى ئاواره‌یه‌كی زۆر لە کوردستان “.

بەڵام ده‌شڵێ “چونکە حکومەتی هەرێم ئابووری سەربەخۆی راگەیاندوە و نەوت و گازی هەرێم دەفرۆشێ و داهاتی نەوتی و نانەوتی هەیە، دەبوایە بۆ ساڵانی دوای شەری داعش بودجەی هەبوایە”.

لای خۆیه‌وه‌، شێرکۆ جەودەت ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە 964+ وتی، “لەبەر ئەوەی یاسای بودجە له‌ هه‌رێم نییە، دیوانی چاودێریی داراییش سەری لێ شێواوە،  نازانێت بەراورد و وردبینی لەگەڵ چیدا بکات، کە ئەمەش گەندەڵییەکی گەورەیە”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ بە پێی پەیرەو پێویسته‌ حكومه‌ت لە مانگی تشرینی یه‌كه‌مى هه‌موو ساڵێك بودجە بنێرێته‌ په‌رله‌مان، بەڵام ده‌ڵێ “حکومەت هیچ وەڵامێکی بۆ پەرلەمان نییە، بۆیە ئەگەر یاسا سەروەر بێت دەبێ حکومەت سزا بدرێت و متمانەی لی وەربگیرێتەوە، بەڵام یاسا سەروەر نییە، بۆیە پەرلەمانیش پەکخراوە لەو رووەوە، قسەی ناروات”.