بلواری شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود - وێنە: بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی
خول بۆ کارمەندەکانی کرایەوە
باخچەکانی سلێمانی رووبەڕووی نەخۆشیی درەختەکان دەبێتەوە
پێشەوا محەمەد
خولێکی ناسین و چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی دار و نەمام و گوڵ بۆ کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی کرایەوە و وتەبێژەکەی دەڵێت، زانیاریی نوێیان پێدراوە.
خولەکە دوێنێ کراوەتەوە و زیاتر لە 30 کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەشدار بوون.
عەلی حامید، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، نەخۆشییەکانی لاڕەشە، نەخۆشییە بەکترییاییەکان، وشکبوونی لەناکاوی لقی درەختەکان و رووەکی ناو بلوارەکان لە سلێمانی هەن.
وتیشی، “ئەو خولانە ناوبەناو لەگەڵ دەرکەوتنی نەخۆشی یان کێشە لە باخچە و دارەکان دەکرێتەوە و زانیاریی نوێ بۆ چارەسەر و رووبەڕووبوونەوەیان ئاڵوگۆڕ دەکرێت”.
بە بڕوای وتەبێژی باخچەکانی سلێمانی، زۆرجار ئەوەی لەناو درەختەکان روو دەدات نەخۆشی نییە، بەڵکو شۆکێکە بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەواوە تووشیان دەبێت.
لەناو شاری سلێمانی 470 باخچە و 88 بلوار هەن.