دۆلار هێشتا دابەزی

+964 هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات

+964

فەرمان سادق

ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی کانونی دووەمی 2023، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بۆ 152 هەزارو 700 دینار دابەزی، ئەمەش لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ بۆرسەی دۆلار لە کوردستان بە 152 هەزارو 900 دینار داخرا.

عەبدولئەحد کەمال، خاوەنی کۆمپانیای شەمس و بەحر بۆ ئاڵوگۆڕی دراو بە +964ـی وت، “هۆکاری دابەزینی دۆلار لە 160 هەزارەوە بۆ 152 هەزارو 700، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بانکی ناوەندی لە رێگەی هەشت بانکەوە دەستی کردووە بە دابەشکردنی دۆلار بەسەر هاوڵاتیان و بازرگانان”.

+964 دەزانێت، هاوڵاتی ئاسایی کە گەشتی دەرەوە دەکات، بۆی هەیە تا پێنج هەزار دۆلار لە بانک بە نرخی بانکی ناوەندی کە 146 هەزارو 500 دینارە بکڕێت، هەرچی ئەو بازرگانانەی بۆ کاری بازرگانی دەچنە دەرەوەی وڵات، ئەوا لە دە هەزار دۆلار، کە دەکاتە دەفتەرێک، بە سەرەوە بۆی هەیە لە بانک بیکڕێت.

بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی گەیشتە 160 هەزارو 750 دینار، بەڵام دوای کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیران لەگەڵ سەرۆکی بانکی ناوەندی کە داوای لێکردبوو بەهای دۆلار لە نرخێکدا جێگیر بکەن، وردە وردە دابەزی.

ئەو دابەزینە پێوەندی بە رێکارەکانی بانکی ناوەندییە کە شەش بانکی داخست بە تۆمەتی ئەوەی کە دۆلار بە دزییەوە رەوانەی دەرەوەی عێراقی دەکەن.