سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامان وادەڵێت
کەمئەندام زۆرە و گواستنەوەی گشتی نییە بۆیان
964+
دیلان محەمەد جەزا
ڕۆژی 3.12 رۆژی جیهانی کەمئەندامانە، لە 11 مانگی ئەمساڵدا 800 کەس بونەتە ئەندام لە یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان و ساڵانە گرفتەکانیان لە زیادبووندایە.
سامان حسێن سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان بە 964ـی وت، ئەو کەمئەندامانەی لەسەر کورسین یان ئەوەیە بە دەست دەبێت بڕوات، یاخود زیتر لە کاتژمێرێک دەبێت چاوەڕوانی تاکسیەک بکات تا سەریبخات بە خێری خۆی، چەندەها تاکسی بەلایدا تێدەپەڕێت و سەری ناخات.
وتیشی، هۆکاری سەرنەخستنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شۆفێری تاکسیەکان تاقەتیان نییە بە باوەش کەمئەندامەکان بخەنە ناو تاکسیەکانیان و عارەبانەکانیان بۆ بخنە سندوقەکەیەوە.
سەرۆکی یەکێتییەکە دەڵێت “کەمئەندامان لە رووی هاتوچۆی گشتییەوە هیچ کارێکیان بۆ نەکراوە و ناتوانن بەکاریانبهێنن زۆربەی کاتەکان”.
لە رووی رێگاوبانەکانەوە رەچاوی دۆخی کەمئەندامان نەکراوە، لەبەرئەوەی زۆربەی شۆستەکان نزیکەی 50 سانتیم بەرزن و دەبێت کەمئەندامان بە باوەش دابگیرێنە خوارەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی