کارتی ئەلیکترۆنی خۆراک _ وێنە: بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک لە دهۆک.
بچن کارتی ئەلیکترۆنی دەربکەن
لە دهۆک شەش هەزار خێزان خۆراکی مانگانەیان راگیراوە
ئەحمەد مستەفا
بەهۆی ئەوەی کارتی ئەلیکترۆنی خۆراکیان دەرنەهێناوە، بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک لە دهۆک بەشە خۆراکی مانگانەی زیاتر لە شەش هەزار خێزانی راگرتووە.
بەڕێوبەرایەتییەکە داوای کردووە، ئەو خێزانانەی کارتی خۆراکییان نەبووە بچن کارتی ئەلیکترۆنی خۆراک دروستبکەن، ئەوان پڕۆسەکەیان تەواو کردووە بەڵام خێزانەکان نەچوون بە دەمیانەوە.
لە بڵاوکراوەیەکدا، کە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی خۆراکی دهۆک بۆ 964ـی ناردووە، داوای کردووە ئەو خێزانانەی ئەم مانگە بەشە خۆراکیان راگیراوە، بچن لەلای ئەوان فۆڕمی کارتی ئەلیکرۆنی خۆراک دروستبکەن، تا بەشە خۆراکیان بۆ بگەڕێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییە بەردەستەکانی 964، لە سەرانسەری پارێزگای دهۆک شەش هەزار و 754 خێزان، بەهۆی دروستنەکردن و کارا نەکردنی کارتی خۆراک، بەشە خۆراکیان راگیراوە