"گرفت دروستبووە"
لە سۆران داوای هەزار تابلۆی تاکسی کراوە
964+
ئاکام غەفور _ سۆران
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە سەیارەی تایبەت کاری تاکسی دەکرێت، هەروەک ناوەندی قەزاکەش کەمترین ئۆتۆمبێلی تاکسی هەیە،خەڵک سەیارەی تایبەت وەک تاکسی بەکاردەهێنن.
پێشتر، گواستنەوەی سۆران ئەو شۆفێرانەی ئاگادار کردبووەوە، کە مانگی ئابی ئەمساڵ کۆتا وادەیە، ئەوەی کاری تاکسی بکات پێویستە سەیارەکەی لە جۆری تاکسی بێت.
964 دەزانێت،ئیدارەی سۆران داواکاری پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە بۆ دابینکردنی 1000 تابلۆی تەکسی، لە شارەکە کە تەنیا 150 تاکسی تێدایە ئێستا.
هاتوچۆی سۆران بۆ ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان: بیگۆڕن بۆ تاکسی ئەگەرنا رێگەتان پێ نادەین
ئەمڕۆ یەکشەممە 26.11.2023، بارزان میر عەلی بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سۆران بە 964ـی وت، “بەپێی بڕیارێک کارکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت وەک تاکسی قەدەغەیە، بەڵام چەند ساڵێکە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە سنوری سۆران کاری تاکسی دەکەن، ئەمەش گرفتی دروستکردووە، تەنیا دابینکردنی تاکسی بۆ شارەکە گرفتەکە چارەسەر دەکات”.
نزیکەی 900 ئۆتۆمبێل کاری تاکسی دەکەن، بەوتەی بەڕێوەبەری گواستنەوەی سۆران بێت، “نەیانتوانیوە بڕیارەکە وەکخۆی جێبەجێ بکەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی سۆران تاکسی کەمی لێیە، شارەکە پێویستی بە تاکسی زیاترە، لە کاتی دابینکردنی ئەو کات بە تەواوی کاری تاکسی لە ئۆتۆمبێلی تایبەت قەدەغە دەکەن”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا