ئەمساڵ 652 ئاگرکەوتنەوەیان هەبووە

بەرگری شارستانی کۆیە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی پێویستە

پێشەوا محەمەد

بەرگری شارستانی کۆیە شەش ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و شەش تانکەری ئاوی هەیە، بەڵام دەڵێن بەشیان ناکات و پێویستیان بە زیاترە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە 13 بنکەی هەیە و لە هەموو بنکەکان ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی لێ نییە.

گۆران ئەحمەد سماقەیی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە بە 964ـی وت، “پێویستە لە هەر بنکەیەک ئۆتۆمبێلێکی ئاگرکوژێنەوە و ئۆتۆمبێلێکی دیکەی ئاوهەڵگر هەبێت بۆ یارمەتیدانی ئۆتۆمبێلە ئاگرکوژێنەوەکە”.

وتیشی، “بۆ کۆنتڕۆڵکردنی حاڵەتە نەخوازراوەکان دەبێت ئەوەندە ئۆتۆمبێلەمان هەبێت و ئەوەی تا ئێستاش کراوە بە هەوڵی بەڕێوەبەرایەتییەکان و کارمەندەکانی بووە کە نەمانهێشتووە بێ ئۆتۆمبێلی وا بکات نەگەینە سەر رووداوە نەخوازراوەکان”.

ئەمساڵ لە سنووری بەرگری شارستانی کۆیە 652 رووداوی ئاگرکەوتنەوەی جۆراوجۆر هەبووە و دوو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکە بریندار بوون.

“چەند جارێک داوای ئەو ئۆتۆمبێلانەمان کردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە بۆمان نەکڕدراوە”، ئەوەش قسەی گۆران سماقەییە.