زیاتر لە هەشت کاتژمێری خایاند

ئەو پێشمەرگەیەی لە سنووری چۆمان لە شاخ هەدێرابوو رزگار کرا

ئاکام غەفور – چۆمان

ئەو پێشمەرگەیەکی ئەمڕۆ لە نزیک گۆمی بێکۆدیان لە سنووری قەزای چۆمان لە شاخ هەڵدێرا بوو، لەلایەن تیمەکان و هاوڵاتیانی خۆبەخشەوە رزگار کراو و هێندرایە خوارەوە.

کاروان میراودەلی، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە 964 ی وت ماوەی هەشت کاتژمێر و نیویان پێچووە تاوەکو پێشمەرگەکەیان هێناوەتە خوارەوە و ناشزانن هیچ شوێنێکی جەستەی شکاوە یان نا بەڵام دەڵێت “ئازارێکی زۆری هەیە”.

وتیشی “دۆخی تەندروستی باشە، بەڵام دەیگەیەنینەوە نەخۆشخانەی چۆمان بۆ ئەوەی پشکنینی جۆراوجۆری بۆ بکرێت و دڵنیا ببینەوە لە سەلامەتی”.

ئاماژەی بەوەشکرد بەهحی ئەوەی شوێنی رووداوەکە سەر خاڵی سنووری بوو بۆیە نەیانتوانیوە هێلیکۆپتەر بەکار بهێنن دەنا کاری رزگارکردنەکەی ئاسانتر دەبوو.

پێشتر، رەوەند هاودیانی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وتبوو، ئەو کەسەی لەشاخ هەڵدێراوە پێشمەرگەیە و تەمەنی نزیک 45 ساڵە، بە پێی زانیاریەکان کە ئەوکات پێیان درابوو، ئەو کەسە لە ژیاندا ماوە بەڵام شوێنەکە زۆر سەختە.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن