زیاتر لە 13 تۆن هەنار لە ‌حاجی ئۆمەرانەوە گەڕێندرایەوە ئێران

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بڕی 13 تۆن و 160 کیلۆ هەنار دەستی بەسەردا گیرا و گەڕێندرایەوە بۆ ئەو وڵاتەی کە لێوەی هاوردە کرابوو.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 29ی کانوونی یەکەم، دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە فەیسبووکی خۆیان رایانگەیاند، بەهۆی دەرنەچوون لە پشکنیندا، رۆژی چوار شه‌ممه‌ هەڵساین بە گەڕاندنەوەی یەك بار هەنار، کە بڕەکەی 13 تۆن و 160 کیلۆ بوو بۆ وڵاتی سەرچاوە.

دەشڵێت، هەنارەکە لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە کرابوو، هاوتا نەبوو لەگەڵ رێنماییەکانی هۆبەی کەرەنتینەی کشتوکاڵی حاجی ئۆمەران، بۆیە رێگە بە هاوردەکردنی نادرێت بۆ ناو هەرێمی کوردستان.

بەپێی ئامارەکانی دەروازەی حاجی ئۆمەران، تەنیا لە دوو مانگی رابردوودا دەست بەسەر بڕی 22 تۆن خواردنی بێ مۆڵەتدا گیراوە، کە لە ئێرانەوە هاوردە کراون و هەوڵدراوە لە دەروازەکەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

رۆژی 9ـی مانگی رابردووش بڕی نۆ تۆن و 80 کیلۆ مێوژ لە پشکنیندا دەرنەچوو، بۆیە گەڕێندرایەوە بۆ ئێران.