مەیدانە جیاوازەکەی دەشتی هەریر. وێنە:964+
تەنیا سێ رۆژ کڕین و فرۆشتنی لێ ئەنجام دەدرێت
لە هەریر مەیدانێکی جیاوازی ئاژەڵان کراوەتەوە
964+
ئاکام غەفور – هەریر
پێچەوانەی هەموو مەیدانێکی ئاژەڵان کە بەیانیان زوو دەکرێنەوە، لە دەشتی هەریر مەیدانێکی ئاژەڵان هەیە تەنیا دوای نیوەڕۆیان مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی لێ ئەنجام دەدرێت.
مەیدانەکەی هەریر هەموو رۆژانی یەکشەم، سێشەمە و پێنچشەمان کراوەیە، ئەوانەی لەو مەیدانە کار دەکەن دەلێن، بازاری دوای نیوەڕۆیان زۆر خۆشە
حاجی ئەیوب سەرپەرشتیاری مەیدانەکەیە، بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “بەهۆی ئەوەی خەڵک بەیانیان درەنگ لە خەو هەڵدەستێت و زۆربەی خەڵک دەوامی هەیە، بیرمان لەوە کردەوە مەیدانێکی جیاواز بکەینەوە، بازاڕی مەیدانەکە خۆشە، خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن”.
لە مەیدانەکەی هەریر ئاژەڵی خۆماڵی مامەڵەی پێوە دەکرێت، خواست لە سەر مەڕ و بزن زیاترە لە چاو ئاژەڵەکانی تر، وەنەبێ تەنیا خەڵکی هەریر سەردانی مەیدانەکە بکەن، کڕیار و فرۆشیارانی شەقڵاوە، خەلیفان و سۆران، سەردانی ئەو مەیدانە دەکەن.
مستەفا ئیسماعیل ئاژەڵدارێکی ئەو سنورەیە،بە 964ـی وت “ئەو بازارە بۆ ئێمە گرنگە، لێمانەوە نزیکە و دەتوانین لێرە چی بمانەوێت بیکڕین و بیفرۆشین”.
پرسیاری نرخی ئاژەڵمان لەو مەیدانە کرد دەڵێن، ئەمساڵ نرخی ئاژەڵی خۆماڵی زۆر بەرز بووەتەوە، نرخەکەی دوو بەرامبەری ساڵانی ترە، هۆکاری ئەوەیە ئێستا کەمتر ئاژەڵ داخلی کوردستان دەکرێت، هاوکات بەرزی نرخی دۆلاریش نرخی ئاژەڵی ئێرانی و سوری بەرز کردووەتەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی