"پشتیوان و داکۆکیکەری مافەکانی مامۆستایان دەبین"

ئەنجومەنی پەروەردەی سلێمانی بۆ مامۆستایان: دووشەممەی داهاتوو بچنەوە قوتابخانەکان

964+

پێشەوا محەمەد

ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا داوا لە مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ دەکات، رۆژی دووشەممەی داهاتوو 27.11.2023 بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

لە بەیاننامەکەدا ئەنجومەنەکە دەڵێت، سەرەڕای لەبەرچاوگرتنی سەختی و دژواریی بارودۆخی مامۆستایان، بەڵام ئەمجارەش با پێکەوە شان بدەنەوە بەر کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان و چیتر خوێندنی قوتابیان نەفەوتێت.

ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوەش داوە، “ئێمە پشتیوان و داکۆکیکەری مافەکانی مامۆستایان دەبین و بە داواکاریی خۆمانی دەزانین و داواش لە وەزارەتی پەروەردە دەکەین داوکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێ بکات”.

عومەر محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، “بە گشتی سەندیکا و رێکخراو بەیاننامە دەردەکات، بەڵام ئێمە وەک ئەنجومەن دەرکردنی ئەو بەیاننامەمان بەلاوە باش بوو”.

وتیشی، “وەک لە بەیاننامەکەشدا هاتووە، ئێمە داواکارین مامۆستایان بچنەوە قوتابخانەکان و ئێمەش داکۆکی لە داخوازییەکانیان دەکەین، چونکە نەکردنەوەی قوتابخانەکان چارەنووسی قوتابیان و خوێندن بەرەو نادیار دەبات”.

70 رۆژە خوێندنی ساڵی نوێ دەستیپێکردووە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین تا ئێستا خوێندن دەستی پێنەکردووە.

پەروەردەی سلێمانی: دایکان و باوکان منداڵەکانیان دەگوا...

پەروەردەی سلێمانی: دایکان و باوکان منداڵەکانیان دەگوازنەوە خوێندنگە حکومییەکان