19 فیلم به‌شدارن

“وڵاتێكی نوێ” ناونیشانى فێستیڤاڵى فیلمى كوردیی هامبۆرگە


فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ هامبۆرگی وڵاتى ئه‌ڵمانیا كاره‌كانى 14مین فێستیڤاڵى فیلمى كوردى به‌ڕێوه‌ده‌چێت و پێنج رۆژ ده‌خایه‌نێت، 19 فیلمی جۆراوجۆرى كوردى به‌شداریی دەکەن.

فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ رۆژى 22.11.2023 ده‌ستیپێكردووه‌ و له‌ 26.11.2023 كۆتایی دێت.

رەوەند جەواد، له‌ به‌شی راگه‌یاندنى فێستیڤاڵ، به‌ 964ـى وت ساڵى پار مژارى فێستیڤاڵ بۆ ژینا ئەمینى بوو “ژن. ژیان، ئازادى”، ئه‌مساڵیش ناونیشانى فێستیڤاڵ “وڵاتێكی نوێ”یه‌.

وتیشی “لەبەر ئەوەی دەرهێنەر و ئەکتەری کورد زۆر لە تەواوی ئەوروپا دەژین، بۆیە بە گرنگمان زانی وڵاتێکی نوێ بكه‌ینه‌ مژاری ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە “.

شه‌ش فیلمى دیکۆمێنتارى و چوار فیلمی درێژ و نۆ فیلمی کورت، به‌شدارى فێستیڤاڵه‌كه‌یان پێكراوه‌.

هه‌ر له‌ فێستیڤاڵه‌کەدا دوو پانێڵ به‌ڕێوه‌دەچن، یەکه‌میان بۆ شێوەکاری کوردی رۆژئاوا “لوقمان ئەحمەد”، کە سەبارەت بە شێوەکاری لە سینەمای کوردیدا دەبێت، دووەمیش بۆ نووسەر و وەرگێر “کاوە نەمیر” بە ناونیشانی زمانی کوردی Rêtieyeke Dûr Û Direji .

دەرهێنەرسەهیم عومەر خەلیفە خاوەنی فیلمی سینەمایی ‘مێسیی بەغدا’ به‌شدارى فێستیڤاڵه‌كه‌یه‌ و به‌ 964ـ وت، فێستیڤاڵى هامبۆرگ گرنگیی تایبه‌تى خۆى بۆ یه‌كترناسینى ده‌رهێنه‌ر و هونه‌رمه‌ندانى كورد هه‌یه‌.
وتیشی “هیوادارم ئه‌م جۆره‌ فێستیڤاڵانه‌ به‌رده‌وام بن”.