هۆڵی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق. وێنە: راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق
سبەینێ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە
دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکی پەرلەمان دەکرێتەوە
964+
توانا نەقی
بڕیارە سبەینێ چوارشەممە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و یەکێک لە کارنامەی دانیشتنەکەش کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکی نوێی پەرلەمان دەبێت.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە نوسراوی رەسمی بڵاویکردەوە کە چوارشەممە 22.11.2023 کۆبوونەوەکە دەکرێت و لەسەر دوو خاڵی سەرەکی دەبێت.
یەکەمیان کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و دەنگدان لەسەری.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە دادگای فیدڕاڵی عێراق رۆژی 14ی ئەم مانگە بڕیاری دا ئەندامیەتی محەمەد رێکان حەلبوسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە لەسەر داوایەکی پەرلەمانتار لەیس دلێمی بە تۆمەتی ”ساختەکاری”.
دووەم خاڵی دانیشتنەکەش دەنگدانە لەسەر هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کە پێش تر پەرلەمان 15 رۆژ وەرزی یاسادانانی لە پێناو هەمواری ئەو یاسایەدا درێژ کردەوە.
بە قسەی پەرلەمانتارێک کە پێشتر بە 964ـی راگەیاندبوو، پەرلەمانی عێراق دەیەوێت ژمارەی دانیشتنەکانی ئەم وەرزە تەواو بکات و یاسای کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەموار بکاتەوە و تەمەنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران درێژبکاتەوە.
ئامانج لەم کارەی پەرلەمان ئەوەیە، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بتوانێت سەرپەرشتی هەردوو هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بکات.
بۆیە پەرلەمان دەیەوێت لە دانیشتنەکەی سبەینێدا هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسەند بکات.