دانیشتنەکانی بەردەوام بێت

پەرلەمانی عێراق بۆ ماوەى 15 رۆژ وەرزى یاسادانانی درێژکردەوە

ژووری هەواڵ

بە ئامانجى تێپەڕاندنى هەموارکردنەوەى یاساى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان، ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ماوەى 15 رۆژ وەرزى یاسادانانى درێژکردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 13.11.2023، کاروان یاروەیس، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە 964ـی راگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 15 رۆژ وەرزی یاسادانان درێژ دەکاتەوە.

لە بارەى هۆکارەکانى درێژکردنەوەى وەزرى یاسادانان و درێژکردنەوەى دەستپێکردنى کاتى پشووەکەى، وتى: پەرلەمان دەیەوێت، ژمارەی دانیشتنەکانی ئەم وەرزە تەواو بکات و یاسای کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەموار بکاتەوە و تەمەنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران درێژبکاتەوە.

ئامانج لەم کارەی پەرلەمان ئەوەیە، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بتوانێت سەرپەرشتی هەردوو هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بکات.

بڕیارە ئەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتوو دانیشتنەکانی بەردەوام بێت، پەرلەمان دەیەوێت هەفتەی داهاتوو هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسەند بکات.

بە گوێرەى کارنامەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، بڕیاربوو، لە 7ى تشرینى دووەمى 2023، پشووى یاسادانان دەستپێبکات و تا سەرەتاى ساڵى 2024 بەردەوام بێت.