وەزارەتی خوێندنی باڵا بەهۆی شەڕ و ناسەقامگیریی ناوچەکە بڕیارێکی نوێی دەرکرد

خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران؛ وادەی مانەوەیان لە هەرێم درێژکرایەوە

ژێوار خدر

بەهۆی بارودۆخی شەڕ و ناسەقامگیریی ناوچەکە و بۆ پاراستنی گیانی خوێندکاران، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا ماوەی مانەوەی ئەو خوێندکارانەی لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن لەناو هەرێم درێژ بکاتەوە، ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاش دەڵێت “ئەم وادەیە بۆ 15ـی نیسان درێژکراوەتەوە”.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، بڕیاردراوە وادەی مانەوەی ئەو خوێندکارانەی هەرێم کە لە زانکۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەخوێنن، لە 28-03-2026 تاکو 15-04-2026 درێژ بکرێتەوە، ئەم هەنگاوە تەنیا لەپێناو پاراستنی سەلامەتی خوێندکارانە لەم دۆخە نادیارەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.

وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ماوەیەی کە خوێندکاران لە هەرێم دەمێننەوە وەک ماوەی مانەوەی یاسایی بۆیان هەژمار دەکرێت و لە داهاتوودا هیچ کێشەیەکی یەکسانکردنی بڕوانامەیان بۆ دروست نابێت، بڕیاریش وایە دوای بەرواری 15ـی نیسان، جارێکی تر هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سیاسی و تەناهی ناوچەکە بکرێت و رێنمایی نوێ بۆ خوێندکاران دەربکرێت.