بەرهەمی کشتوکاڵی پێنجوێن زیاتر لە 280 هەزار تۆنە بۆ ئەمساڵ
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
تەنیا لەمساڵدا لە قەزای پێنجوێن زیاتر لە 280 هەزار تۆن بەروبوومی کشتوکاڵی هاوینە بەرهەم هاتووە.
لە کۆی 81 هەزار و 762 دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە قەزای پێنجوێن 284 هەزار و 590 تۆن بەروبوومی کشتوکاڵی لە تەماتە، شووتی، خەیار، کاڵەک، بیبەری شیرین و تون و کولەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بەرهەم هاتووە.
سامان کەریم، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزای پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، لە 19ـەی تەمموزەوە لە قەزای پێنجوێنەوە بەروبوومی کشتوکاڵی هەناردەی دەرەوەی قەزاکە کراوە و تا رۆژی 31ـی تشرینی یەکەم هەناردەکردنی بەرووبومیان تۆمارکردووە بۆ دەرەوەی قەزاکە.
وتیشی، بەهۆی نەبوونی کارمەند و پێداویستی تایبەتەوە نەتوانراوە ئامارێکی ورد بەدەستبخەن، بەڵام بە شێوەیەکی رێژەیی زیاتر لە 150 هەزار تۆن تەماتە بەرهەم هاتووە و زیاتر لە 100 هەزار تۆن شووتی و 100 هەزار تۆنیش کاڵەک بەرهەم هاتووە و خراوەتە بازاڕەکانی کوردستان و عێراقەوە.
نۆبەرەی قارچکی ئەمساڵ لە قەزای پێنجوێن سەری دەرهێنا
“بەرهەمی کشتوکاڵی پێنجوێن تەواوی کوردستان و %70ـی پێویستی عێراق پڕ دەکاتەوە، بە تایبەتی بەرهەمەکانی تەماتە و شووتی و خەیار کە پێنجوێن زۆر دەوڵەمەندە پێیان و زەوی و ئاو و هەوای بەتەواوی گونجاوە بۆ ئەو سێ بەرهەمە”بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پێنجوێن وای وت.
دوای ئەو ئامارەی کە دەست 964 کەوتووە، دوای لێکدانەوەکان و وەرگرتنی ئاماری ناوەندی بۆ کۆی ئەو بارهەڵگرانەی لە قەزاکە پشتگیرییان بۆکراوە دەرکەوتووە بەرهەمی کشتوکاڵی لە قەزای پێنجوێن لەمساڵدا 284 هەزار و 590 تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی هاوینە بەرهەم هاتووە، لە مانگی تەمموزدا هەزار و 233 بارهەڵگر پشتگیریان بۆ کراوە و لە مانگی ئابدا نۆ هەزار و 601 بارهەڵگر پشتگیریان بۆ کراوە و لە مانگی ئەیلولدا پشتگیری بۆ 10 هەزار و 500 بارهەڵگر کراوە و لە مانگی تشرینی یەکەمیشدا پشتگیری بۆ حەوت هەزار و 125 بارهەڵگر کراوە و هەر بارهەڵگرێک لە نێوان 5 تا 15 تۆن هەڵدەگرێت.
رووبەری قەزای پێنجوێن بە دۆنم 414 هەزار و 308 دۆنمە و 81 هەزار و 762 دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە و لە زەوی کشتوکاڵی دێم و بەراو پێکدێن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی