جەژنی باتزمێی ئێزیدیەکان بەڕێوەچوو
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
هۆزی چێلکان لەناو ئێزدییەکان، هەموو ساڵێک لە دوا هەفتەی کۆتایی ساڵ سێ رۆژ بەڕۆژوو دەبن و رۆژی چوارەم دەیکەن بە جەژن و ناوی جەژنەکەیان باتزمێیە.
رۆژی چوارشەممە، 28ی کانونی یەکەمی 2022، لەلای هۆزی چێلکانی ئێزدییەکان، جەژنی باتزمێ بوو، ئەوان بۆ ماوەی سێ رۆژ بەرۆژوو دەبن، رۆژی چوارشەممەی دوا هەفتەی کۆتایی ساڵ لەدوای نیوەڕۆوە دەیکەن بە جەژن.
سلێمان حەجی متۆ، لەهۆزی چێلکانە، زیاتر لە هەشت ساڵە ئەم جەژنە لەناو کەمپ و ئاوارەیی لەگەڵ خێزانەکەی دەگێڕێت بە +964ی وت، “ئەم جەژنە بە تەنیا تایبەتە بە هۆزی چێلکان، رۆژی یەکەم هەر خێزانێک مەڕێک سەردەبڕێت، گۆشتەکەی بەشێک بۆخۆی و منداڵەکانی دەبێت و بەشەکەی تر دەبەخشێتە خەڵکی هەژار، لەو جەژنە جۆرە خواردنێکی فۆلکلۆری ئێزدییەکان دروست دەکرێت پێیدەڵێن (سمات)”.
ئێزدییەکان خاوەن ئایین و رێوڕەسمی تایبەت بە خۆیانن، ئێزدی ناوی ئایینەکەیانە و زۆربەیان لە باشووری کوردستان لە قەزای شێخان و شەنگال دەژین.