پڕۆژەی ئاوی سەرچنار لە سلێمانی - وێنە: 964
ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوە
لە سلێمانی سێ هەزار و 650 ماڵ سەرپێچییان کردووە
964+
پێشەوا محەمەد
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی سێ هەزار و 650 ماڵی ناوشاری بەهۆی سەرپێچییەکانیانەوە سزا داوە.
بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، سەرپێچییەکانیان بریتی بوون لە؛ نەبوونی تەوافە، شکانی بۆرییەکانیان و بەفیڕۆدانی ئاو.
ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەمساڵ تا مانگی 11 نزیکەی سێ هەزار و 650 ماڵی ناوشاری سلێمانی لە حەوت هەزار دینارەوە بۆ 100 هەزار دینار سزا دراون و بەشێکیشیان ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە.
دەشڵێت، “سەرپێچییەکان یان لە رێگەی لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە دەبیندرێن و دەستنیشان دەکرێن، یان لە رێگای سکاڵای هاوڵاتیانی دیکەوە ئاگادار دەکرێینەوە”.
لە ناو شاری سلێمانی نزیکەی 200 هاوبەشی ئاو هەیە.
“دوو ساڵە بە گشتی سەرپێچییەکان کەم بوون، چونکە ساڵ هەبووە 13 هەزار هاوبەشمان سزا داوە بەهۆی سەرپێچییەوە”، ئەوەش قسەی ئامانج جەلالە.