پارکەکەی بەردەم قەڵا 75 رۆژ دادەخرێت

+964

فەهمی نەبی – هەولێر

پارکی شار، کە دەکەوێتە بەردەم قەڵای هەولێر، لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێ بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو دادەخرێت بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی کانونی یەکەمی 2022، رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر بە  964+ی وت، نۆژەنکردنەوەکە بە گوژمەی سندوقی دەستەی بانکی عێراقی جێبەجێ دەکرێت، ئەوان لەهەر پارێزگایەک پڕۆژەیەک جێبەجێ دەکەن، “ئێمە داوامان کرد پارکی شارمان بۆ نۆژەن بکەنەوە، چونکە ئەو پارکە کۆن بووە”.

وتیشی، “280 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە و دراوەتە تەندەر، دوای سەری ساڵ نۆژەنکردنەوەکە دەستپێدەکات و دوو مانگ و نیو مۆڵەتی هەیە بۆ تەواوکردنی”.

پارکی شار دەکەوێتە بەردەم قەڵای هەولێر لە سەنتەری شار، کە رۆژ هەڵدێت تا شەو درەنگ جمەی دێت لە خەڵک.

شوکر عەلی خان، بەرپرسی پارکی شارە، بۆ 964+ی باسکرد، “گۆڕانکارییەکان لە کاشی و جامی شوشەی راڕەوەکان و نۆژەنکردنەوەی نافورەکانە، تەنانەت 45 جامی راڕەوەکان شکاوە و بە کەڵک نەماوە”.

پارکی شار، پێشتر بازاڕی دەڵاڵخانە بووە، ساڵی 2009 دەستکراوە بە دروستکردنی و ٢٠١٠ تەواوبووە.