"سەرپێچی نەکەن دەستگیر ناکرێن"

لە دەربەندیخان ئەو ماتۆڕسکیلانە تۆمار دەکرێن کە بۆ کار بەکاردەهێندرێن

پێشەوا محەمەد

لیژنەیەک لە هاتوچۆ، ئاسایش و ناوخۆی دەربەندیخان پێکهاتووە بۆ تۆمارکردنی ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە بەدەست کرێکارەوەن یان کاری دیلیڤەری دەکەن.

لیژنەکە دوای سکاڵای هاوڵاتیان پێکهاتووە، کە ناڕازی بوون لە مەفرەزەکاندا هەموو ماتۆڕسکیلێک دەستی بەسەردا دەگیرێت و ئەوانەی سەرپێچیش ناکەن ماتۆڕسکیلەکەی لێ دەستێندرێت.

پشتیوان عابد، لێپرسراوی هۆبەی کارگێڕی هاتوچۆی دەربەندیخان بە 964ـی وت، “ئەو ماتۆڕسکیلانەی بەدەست کاسبکار و خاوەن پیشەکانەوەن تۆمار دەکەین و ناو و ناونیشانیان وەردەگرین و لەزگەیەک لە ماتۆڕەکانیان دەدەین، ئەگەر سەرپێچی نەکەن دەستگیر ناکرێن”.

وتیشی، “پێشتر 140 ماتۆڕسکیلی چێشتخانە، ناوچەی پیشەسازی، کارگەکانی بەرد و چەند شوێنێکی دیکە تۆمار کراون و پێشبینی دەکەین ئەمجاریش زیاتر لە 100 ماتۆڕسکیلی دیکە تۆمار بکەن”.

964 پرسیاری ژمارەی ماتۆڕسکیلی کرد لە سنووری هاتوچۆی دەربەندیخان، پشتیوان عابد وتی، “بەدیاریکراوی نازانین ئەم هەوڵەی ئێمەش دواجار ئامارێکمان دەخاتە بەردەست چەند ماتۆڕسکیل بۆ راییکردنی ئیشوکاری هاوڵاتیان بەکاردەهێندرێن و چەندی دیکەش بۆ کاری نابەجێ”.