بۆ رێگرییە لە زیادبوونی نرخ
عێراق سنووردارکردنی هاوردە لەسەر کۆمپانیا خۆراکییەکان هەڵدەگرێت
964+
پێشەوا محەمەد
بە مەبەستی هەرزانکردنی کەرەستە و پێویستییە خۆراکییەکان وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاریدا سنووردارکردنی هاوردە لەسەر کۆمپانیا خۆراکییەکان و چەندانی دیکە هەڵبگرێت.
موسەنا فەریجی، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 18.11.2023 بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، ئەو بڕیارە لەپێناو دابەزاندن و هاوسەنگکردنی نرخی کەرەستەی خۆراکی و هەر کەلوپەلێکی دیکەیە کە هاوڵاتیان پێویستیان پێی بێت.
ئەو کەرەستانەی ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە زیاتر بریتین لە، خۆراک، کەرەستەی بیناسازی، کەرەستەی کارەبایی و دەرمانسازی.
“بانکی ناوەندیش دۆلار بە نرخی فەرمی دەداتە ئەو کۆمپانیا و بازرگانانە، لەبەرئەوە گرانیی نرخ لەناو بازاڕەکان هیچ پاساوێکی نامێنێت”، موسەنا فەریجی وای وتووە.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەکاتێکدایە، بەپێی بەدواداچوونەکانی وەزارەتەکە نرخی ژمارەیەک خۆراک و کەلوپەلی پێویستی هاوڵاتیان لە بازاڕەکانی عێراق بەرزبووەتەوە.