“لێبوردنی تایبەت لە بەرگی لێبوردنی گشتیی”

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

بڕیارە به‌مزوانه‌ پڕۆژه‌یاساى لێبوردنى گشتى بدرێته‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و دواتریش ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بكرێت، سه‌رۆكى تۆڕى دادپه‌روه‌رى بۆ به‌ندییەکان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دەڵێت، “هیوادارم ئه‌و لێبوردنه‌ وه‌ك ئه‌وانه‌ى پێشتر لێبوردنى تایبه‌ت نه‌بێ له‌ به‌رگی گشتیدا”.

شوان سابیر، یاساناس و سه‌رۆكى تۆڕى دادپه‌روه‌رى بۆ به‌ندییەکان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ +964ی راگه‌یاند، وه‌كو بنه‌ماى گشتى، لێبوردنه‌كان به‌ كارێكی باش نازانن، پێیانوایه‌ بۆ‌ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و لارییه‌یه‌ كه‌ له‌ ته‌رازووى دادپه‌روه‌رى هەرێمی کوردستان هه‌یه.

ئەو دەڵێت، “پێویسته‌ لێبوردنى گشتى به ‌مانا فراوانه‌كه‌ى لێبوردنى گشتى بێت، نه‌ك لێبوردنێكی تایبه‌ت بێت له‌ به‌رگى لێبوردنى گشتىدا، چونكه‌ له‌ لێبوردنه‌ گشتییه‌كه‌ى ساڵى 2018 زیاتر له‌ 30 ئیستیسنا هه‌بوو، دواتر‌ لێبوردنه‌كه‌ له‌ سه‌ر ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك وه‌ستابوو كه‌ ئاخۆ لێخۆ‌شبوونى هه‌یه‌ یان نا، كه‌واته‌ لێبوردنه‌كه‌ تایبه‌ت بوو، به‌ڵام له‌ به‌رگێكی گشتیدا جێبه‌جێیان كرد”.

تیمی پارێزه‌رانی سزادراوانی بادینانیش ناڕازین له‌ به‌رامبه‌ر بڕگه‌یه‌كى ره‌شنوسی ئه‌و لێبوردنه‌ كه‌ باس له‌ “لێبوردن له‌و تاوانانه‌ی به‌ ئاسایشی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم گرێدراون نه‌گرێته‌وه‌”، داوایان كردووه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ بسڕێته‌وه‌.

به‌شدار حه‌سه‌ن له‌ جیاتی تیمی پارێزه‌رانی بادینان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، ئه‌و بڕگه‌یه‌ى پڕۆژه‌یاساكه‌، سزادراوان و راگیراوانی بادینان و هه‌موو زیندانیانی تری سیاسی نا‌گرێته‌وه‌ كه‌ به‌پێی (ماده‌ی 1 له‌ یاسای ژماره‌ 21ی ساڵی 2003) سزادراون یان راگیراون و له‌قۆناغی دادگاییكردندان.

رۆژی 31ى تشرینى یه‌كه‌مى 2022، سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان لێخۆشبونى بۆ هەزار و 659 کەس دەرکرد کە کارمەندی حوکمدراوی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بوون و تاوانی هەڵاتنیان ئەنجامدابوو و ئەرکەکانیان جێهێشتبوو، رۆژى 27ی تشرینی دووەمی 2022، ئه‌و لێخۆشبوونه‌ جێبه‌جێكرا.