رووبەری زەوی شارەوانی سلێمانی _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
بەبێ رەزامەندی وەزارەتی کشتوکاڵ بەناوکردنی دوو جۆر زەوی قەدەغەیە
ژووری هەواڵ
سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەناوکردنی زەوی کشتوکاڵی و بەردەڵانی راگرت و دەڵێت، دەبێت لە پێشدا رەزامەندی وەزارەتی کشتوکاڵ وەربگیرێت.
سێشەممە 14.11.2023، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی نووسراوێکی سەرۆکایەتی دیوانی بڵاوکردووەتەوە، داوا دەکات هەموو شارەوانییەکان ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن، کە لەلایەن سەرۆکایەتیی دیوان دەرچووە.
بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر داوای وەزارەتی کشتوکاڵ دەرچووە و دەڵێت، هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە “دەستهەڵگرتن لەم زەوییانە بە پێی مادەی پێنجەم لە یاسای ژمارە 80ـی ساڵی 1970 لە دەسەڵات و پسپۆڕی وەزارەتیاندایە [وەزارەتی کشتوکاڵ]”.
ئێستا بە پێی یاسای ژمارەی 3ی ساڵی 2019ی تاپۆکردنی زەوییە زیادەرۆکانی سنووری شارەوانییەکان بەردەوامە، ئەو خانووانەی هەتا پێش 31.12.2020 بە زیادەڕۆیی لەسەر موڵکی شارەوانییەکان دروستکراون، کاری تاپۆکردنیان بۆ دەکەن.