بەشێک لە یەکەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە سیتەکی سلێمانی - وێنە: 964
نۆ هەزار و چوار یەکە دابەش دەکرێن
کەمئەندامان لە وەرگرتنی یەکەی کەمدەرامەتان خاڵی زیاتریان پێدەدرێت
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە کاتی جیاکردنەوەی فۆڕمی یەکەی کەمدەرامەتاندا سێ خاڵ بۆ کەمئەندامان زیاد دەکات بۆ وەرگرتنی یەکە.
وەزارەتەکە تا 1.12.2023 فۆڕمی دابەشکردنی نۆ هەزار و چوار یەکە دابەش دەکات و لەدوای ئەو وادەیەشەوە لە رێگەی لیژنەیەکەوە فۆڕمەکان جیادەکرێنەوە و یەکەکان دابەش دەکرێن.
سامان حسێن، سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، کارێک کراوە کە کەمئەندامان لە کاتی جیاکردنەوەی فۆڕمەکان سێ خاڵی زیاتریان پێبدرێت و چانسی وەرگرتنی یەکەیان هەبێت.
وتیشی، “لە هەرێمی کوردستان 88 هەزار کەمئەندام بوونیان هەیە و لە بارودۆخێکی خراپی ژیانکردندان و پێویستیان بە هاوکاری و دەستگیرۆییە”.
بە پێی زانیارییەکانی 964 کە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، تا ئێستا لەسەرو 25 هەزار فۆڕم بۆ وەرگرتنی یەکەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پڕکراونەتەوە.