گەر سەرت بە قوڕ دەگریت بڕۆ بۆ هەواری نوێ

964+

هونەر فارس – کەلار

بە شارەوانی و حکومەت و گازپڕۆمەوە، نەیانتوانیوە ئاوەڕۆی چەند کۆڵانێکی گەڕەکە نوێیەکەی قەزای کفری تەواو بکەن، بەقسەی شارەوانیش پارەکە بەشی نەکردووە.  

گەڕەکەکە زیاد لە هەزار و 200 ماڵی تێدا نیشتەجێیە، سەرباری نەبوونی قیرتاو و خوێندنگا و پارک و خزمەتگوزاریی دیکە، بەشێک لە کۆڵانەکانی گەڕەکەکە ئاوەڕۆیی بۆ نەکراوە و لە زستاندا تا چاو بڕکات دەبێت بە قوڕ و لیتاو،  

فیراس ئەبوبەکر یەکێک لە دانیشتوانی گەڕەکەکەیە، بۆ 964+ دواوەو دەڵێت، “ژیانمان بەدەست قوڕوقوڕاوەوە نەماوە، یەک باران ببارێت منداڵەکانمان حەپس دەکەین و ناتوانن لەماڵەوە بێنە دەرەوە”.

قوڕوقوڕاوی گەڕەکەکە تەنیا بۆ گەورەکان گرفتی دروست نەکردووە، بەڵکو بووەتە هۆی بێزاریی منداڵانیش.

پەیمان هێرش تەمەن 10 ساڵ دەڵێت؛ ژیانمان زۆر ناخۆشە و ناتوانین لەگەڵ هاوڕێکانمان یاریی بکەین، تا دەچینە دوکان و دێێنەوە لەناو قوڕاودا دەچەقین.

سەردار ئەحمەد، یەکێکی دیکەیە لە هاوڵاتییانی ئەو گەڕەکە و وتی؛ لە مۆزەمبیق و جیپۆتی و کەمبۆدیا، شتی وا نەبووە کە بە حکومەت و شارەوانی و کۆمپانیاوە نەتوانن ئاوەڕۆیی ئەو دوو کۆڵانەی ئێمە چاک بکەن”.  

بەشێکی ئاوەڕۆی گەڕەکەکە پێشوتر لەلایەن شاروانی و بەشێکی دیکەی لەلایەن کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕوسییەوە، بە گوژمەی نزیکەی 245 هەزار دۆلار دروستکراوە، ئەو بەشەی کە بەوتەی شارەوانی چوار کۆڵان و بە وتەی دانیشتوانی گەڕەکەکە دوو کۆڵانە کە ماوەتەوە، نزیکەی ٥٠ هەزار دۆلاری دیکەی پێویستە بۆ ئەوەی ئاوەڕۆکەی تەواوبکرێت.  

عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی کفری لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە، بە 964+ی راگەیاند؛ ئەو پارەیەی کۆمپانیای گازپڕۆم بۆی دابینکردین بەشی نەکرد، ئێمە لە شارەوانی دەرخستەمان بۆکردوە و گەر پارە هەبێت هیچ کارێک ناکەم تاکو ئاوەڕۆیی ئەو چەند کۆڵانەی گەڕەکی هەواری نوێ تەواو نەبێت.  

گەڕەکی هەواری نوێی قەزای کفری، یەكێک لە گەڕەکە نوێیەکانی شاری کفرییە و لە دووای ساڵی 2010ـەوە ئاوەدان کراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا بە قسەی دانیشتوانەکەی بێخزمەت گوزارترین گەڕەکن.