لەکوێ؟

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە نەمامێک بە 500 دینار بکڕە

964+
دیلان محەمەد جەزا

ئیتر لە سلێمانی، هاوڵاتیان دەتوانن هەر نەمامێک کە خواستی ئەوانە لە 500 دینارەوە بیکڕن تا نرخەکانی دیکە، نەمامگەیەکی حکومی بە پاڵپشتی حکومەتی خۆجێی ئەرکەکە بەڕێوەدەبات.

نەمانگەی سەرچنار لە سلێمانی، بۆ ئەو پاڵپشتییە ملیۆنێک و 200 هەزار نەمامی ئامادەکردووە، لە پلانیدایە 300 هەزار نەمامی دیکەش زیاد بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8.11.2023، دانیار هادی لێپرسراوی نەمامگەی سەرچنار بە 964 وت، “نەمامەکان بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت، بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت دەبێت، لە 500 دینارەوە نەمام دەفرۆشرێت تا هەزار و 500، نەمامێکی 500 دیناری نزیکەی هەزار و 200 دینار دەکەوێت لەسەر حکومەت”.

قەدری درەختی سوورەچنار بزانن

قەدری درەختی سوورەچنار بزانن

نەمانگەکە پلانی وایە لە مانگی 11ی ئەمساڵەوە دەستبکات بە فرۆشتنی نەمام، دانیار هادی وتی، “لەلایەن شارەوانی سلێمانیەوە ساڵانە نووسراویان بۆ دەکرێت بۆ وەرگرتنی دار و روواندنی لەسەر شەقامەکان، ساڵی پار هەر ئەوان 30 هەزار داریان بۆ دابین کردوون”.

نەمامگەی سەرچنار لە ساڵی 1948 وە دامەزراوە و یەکەم نەمامگەی دارستانی بووە لەسەر ئاستی هەموو عێراق، ئەوان تەنیا نەمام بە هاوڵاتیان دەفرۆشن و بە شەتڵگە تایبەتەکانی نافرۆشن، داواش دەکەن، ئەو کەسانەی خاوەنی پڕۆژە و خاوەن کارگەن دەتوانن بێن و نەمامیان لێ بکڕن.

پێداچوونەوە : ئەحمەد مستەفا