ئاگرەکەی هەولێر کۆنترۆڵکرا و زیانی گیانی نەبووە
964+
هێمن بەکر – هەولێر
دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگری پاڵاوگەکەی رێگای گوێڕ لە سنوری هەولێر، دەرکەوت جگە لە زیانی مادیی، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوت کەوتەوە لەسەر رێگەی گوێڕ لە سنوری هەولێر.
زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، کە بەهۆیەوە پێنج خەزانی بەنزین ئاگریان گرتووە، بەڵام دواتر دەرکەوت ژمارەیان نۆ دانەیە.
شێخ کافی، بەرپرسی ژووری عەمەلیاتی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ی وت، “ئاگرەکە لە ئێستادا بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە، زیانێکی زۆر بەر پاڵاوگەکە کەوتووە، لە رووداوەکە کارمەندێکمان تووشی تەنگەنەفەسی بوو، رەوانەی نەخۆشخانەمان کرد”.
964+ سۆراغی کردووە، سەرەتا یەک خەزانی بەنزین ئاگری لێ کەوتووەتەوە، بەڵام دواتر تەشەنەی کردووە و هەشتی دیکەی گرتووەتەوە.
بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێت، تیمەکانیان لێکۆڵێنەوە لە هۆکاری ئاگرەکە دەکەن، وادیارە کە زیانێکی زۆری مادیی لێ کەوتووەتەوە.
هەر لە شوێنی رووداوەکە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، ئەو شوێنەی ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە، پێشتر پاڵاوگە بووە و ئێستا گازی تێدا بووە.
ئەو پشتڕاستیشی کردەوە کە نۆ خەزانی بەنزین سوتاون و زیانێکی زۆری مادیی هەبووە.