کەسێک گیانی لەدەست دا و ژمارەیەکیش بە سەختی بریندارن
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە قەزای داقوق، دوای ئەوەی کۆنتڕۆڵی لەدەست دا، خۆی کردووەتە ناو سەوزەفرۆشاندا و کەسێک گیانی لەدەست دا و ژمارەیەکیش بریندارن.
رووداوەکە لە نزیک مۆڵی سەلام لە داقوق روویداوە
شایەتحاڵێکی نزیک رووداوەکە بە 964ی وت، “ئەم ئێوارەیە پێش بانگی مەغریب ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بە تیژڕەوییەکی زۆرەوە دوای ئەوەی لەسەر جادەی گشتی لایدا، کۆنتڕۆڵی لە دەست دا و خۆی کرد بە ناو سەوزەفرۆشانی داقوقدا و ئەوانەی ئاگاداربوون هەڵهاتن و هەندێکیشی لەبەر سەرقاڵی نەیانتوانی خۆیان رزگاربکەن، بۆیە ژمارەیەک هاوڵاتی کرد بە ژێرەوە و شۆفێرەکەش دەستگیرا.
فەرمان نەشئەت بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق بە964ی وت: رووداوەکە ئەم ئێوارەیە روویداوە، بە پێی زانیارییەکانیان بارهەڵگرەکە بە خێراییەکی زۆر هاتووە و خۆی کردووە بە ناو سەوزەفرۆشەکانەوە.
وتیشی، هاوڵاتییەکی تەمەن 60 ساڵ دوای ئەوەی گەیەندرایە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا و نزیکەی 10 هاوڵاتی لە خەڵکی پیادە و سەوزەفرۆشەکان بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی کەرکوک کراون.
ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە سەر رووداوەکە و شۆفێری بارهەڵگرەکەیان دەستگیر کردووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا