بڕیارە سبەی غاز بگات
لە سنووری قەزای ئامێدی هەفتەیەکە قەیرانی غازە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
نزیکەی هەفتەیەکە لە سنووری قەزای ئامێدی غازی ماڵان نەماوە و هاوڵاتیان زۆر بە زەحمەت دەستیان دەکەوێ و دەلێن دەبێت سێ بۆ چوار رۆژ چاوەڕێی بین تا غاز وەرگرین.
مەتین ئۆرەماری، هوڵاتییەکی ناحیەی سەرسنگە و بە 964ی وت، پێنج رۆژ دەبێت لە ماڵی خۆمان غازیان نییە و پەیوەندی دەکەن، دەلێن غاز نییە لە کارگە و گۆڕەپانەکان دەبێت چاوەڕێی بکەیت تا غازیان بۆ دێت.
وتیشی، “ناچارین رێگای دهۆک بگرینەبەر و لەوێ غاز بۆ خۆمان بهێنین بە هەر نرخێک بێت”.
کرێکارێکی گۆڕەپانی غاز لە ناحیەی سەرسنگ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە 964ی وت، “نزیکەی هەفتەیەکە دەرگای گۆڕەپان داخراوە و غاز نییە و ئێمەش دەرگاکانمان داخستووە، چونکە ئیشمان نەماوە، هەموو کاتێک کە غاز هەبوو دابەش دەکرا بەسەر هاوڵاتیان، بەڵام ئیستا لە سەرچاوەوە غاز نایەت، کە لە سلێمانی و چەمچەماڵەوە دێت”.
کاروان حاجی سعید، سەرۆکی لیژنەی ئابووری لە قایمقامیەتی قەزای ئامێدی بە 964ی وت، کێشەی کەمی و نەبوونی غاز لە سنووری ئامیدی هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە سەرچاوەوە لە سلێمانی کاری نۆژەنکردن و سيانە هەبووە و غاز نەهاتووە بۆ ئێمە، بەڵام لەگەڵ سەرچاوە لەسەر هێلین و کیشەکە چارەسەر دەکرێت و بڕیارە بەیانی غازمان بۆ بهێت و کێشەکە چارەسەر ببێت”.
لە سنووری قەزای ئامیدی سێ کارگەی غاز هەیە و زیاتر لە 10 گۆڕەپانی غازیش لە سنووری ئامیدی هەن.