قایمقامیەتی قەزای بازیان - وێنە: 964
بازیان دەبێتە خاوەنی دادگای لێکۆڵینەوە
پێشەوا محەمەد
بڕیار دراوە دادگای لێکۆڵینەوە لە بازیان بکرێتەوە، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، لە داهاتوودا دادگایەک بە سەرجەم بەشەکانەوە لە بازیان دەکرێتەوە.
قەزای بازیان دوو بنکەی پۆلیسی ناوخۆیی و بنکەیەکی پۆلیسی دارستانی هەیە و لەو بنکانە دوو هەزار سکاڵا هەن، کە پێویستیان بە دادگایە و دەبێت بچن بۆ سلێمانی.
ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی قەزای بازیان بە 964ـی راگەیاند، بڕیاری دامەزراندنی دادگای لێکۆڵینەوە هەیە و بیناشیان بۆ دابین کردووە و بەنیازن فەرمانبەرەکانی لە فەرمانگەی ترەوە بۆ بگوازنەوە.
وتیشی، “لە هەوڵی بەردەوامداین و رەزامەندی سەرەتاییشمان هەیە کە دادگایەک لە بازیان بە هەموو بەشەکانییەوە بکەینەوە و چیتر هاوڵاتیان و فەرمانگەکان بۆ هیچ کارێکی پەیوەست بە دادگا نەچنە سلێمانی”.
قەزای بازیان لە پێنج شارۆچکە و 58 گوند پێکدێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 80 هەزار کەسە.