نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێم:
تا تاقە رفێندراوێکى ئێزدى مابێت، بەردەوام دەبین بۆ رزگارکردنیان
وریا فەتاح
بەبۆنەى یادى 12 ساڵەى جینۆسایدى ئێزدییەکان، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت: تا تاقە رفێندراوێکى ئێزدى مابێت، بەردەوام دەبین بۆ رزگارکردنیان
لە پەیامەکەی سەرۆکى هەرێمدا هاتووە،”تاوانی جينۆسایدی ئێزدییان و بهسەبیکردنی کچ و ژنانیان و تێکدانی ماڵ و پەرستگەکانیان، برینێکی کراوەی دڵ و دهروونى گەلی کوردستانە. بهداخهوه هاووڵاتییانی ئێزدیمان پاش دوازدە ساڵ، هێشتا باجی ناکۆکییە سیاسییەکان و ئامادەییی هێزە چەکدارە نایاسایییەکان دەدەن”.
جەختیش دەکاتەوە کە ئەرکی حکوومەتی عێراقی فیدراڵە ئاسایش و ئاوەدانی بۆ شەنگال بگێڕێتەوە، رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخى شهنگال لهگهڵ حكوومهتى ههرێمى كوردستاندا جێبەجێ بکات و کار بۆ بەپارێزگاکردنی بکات و هێزە نایاسایییەکان ناوچەکە جێبهێڵن، تا ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
سەرۆکى هەرێم وتوشییەتى،”هاووڵاتييانى ئێزديمان دڵنیا دەکەینەوە تا تاقە رفێندراوێک مابێت، تیمی نووسینگەکەمان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بۆ رزگارکردن و ئاشکراکردنی چارەنووسیان. هەروەها بەردەوام دەبین لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکانمان تا تاوانەکانی داعش لەسەر ئاستی جیهاندا بە تەواوی وەک جينۆساید بناسرێن”.
“لەم یادەدا، سوپاس و پێزانینی قووڵمان ئاراستەی خەڵکی ميوانپەروەری دهۆک و بادینان بهگشتى دەکەین کە لە ساتە سەختەکاندا دەرگای ماڵ و قوتابخانە و مزگەوتەکانیان بۆ ئاواره ئێزدييهكان کردەوە. ههروهها سوپاس و پێزانين بۆ ههموو ئهو وڵاتانهى ئهو تاوانهيان به جێنۆسايد ناساندووه و به ههر شێوهيهك بێت، يارمهتيى ئێزدييانيان داوه”، سەرۆکى هەرێم وادەڵێت.