کۆرەک دەڵێت خەریکین کێشەکە چارەسەر دەکەین
+964
ژووری هەواڵ
لە دوێنێوە کە پەیوەندی کۆمپانیای کۆرەک تیلکۆم لەگەڵ ئاسیاسێل و زەین پچڕاوە، کۆرەک دەنگی نییە و بە فەرمی هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە، بەڵام لە پەیجەکەی خۆیان لە فەیسبووک دەڵێت ”کاردەکەین بۆ ئەوەی کێشەکە بە زووترین کات چارەسەر بکەین.
دوێنێ چوارشەممە کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق نوسراوێکی بۆ کۆمپانیاکانی ئەسیر بۆ پەیوەندییەکان و ئاسیاسێڵ ناردووە، داوا دەکات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تۆڕی پەیوەندییەکانی نێوخۆیی کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم بپچڕێنن، ئەوانیش دەم و دەست بڕیارەکەیان جێبەجێکرد.
کۆمسیۆنەکە هۆکارەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم دراوە لە رۆژی 30ی ئابی 2022، هەروەها کۆمپانیاکە جدی نەبووە لە پێدانی ئەو پارە زۆرەی لە ئەستۆیەتی.
ئێستا کۆرەک تەنیا لەناوخۆی تۆڕەکەیدا پەیوەندی هەیە و ئەگەر کەسێک بیەوێت بۆ ئاسیاسێل و زەین پەیوەندی بکات وەرناگیرێت و بەپێچەوانەشەوە هەر نییە.
کۆرەک هیچ بەیاننامەیەکی دەرنەکردووەو کەسیش بەناوی ئەوەوە قسەی نەکردووە، ئەوەی هەیە تەنیا لە کۆمێنتی فەیسبووک وەڵامی خەڵک دەدەنەوە دەڵێن کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی، کاتێکیش دەتەوێ لە کۆرەکەوە پەیوەندی بکەیت بەو دوو کۆمپانیایەوە دەنگێک بە ئۆتۆماتیک وەڵام دەداتەوەو دەڵێت لەسەر بڕیاری کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق راگیراوەو دەڵێت ”لە ئێستادا کاردەکەین لەسەر چارەسەرکردنی ئەو گرفتە بە زووترین کات”.