دیمه‌نى ئامێرى دوو له‌و كارگانه‌ى بیتوین... وێنه: لیژنه‌كانى قایمقامیه‌تى رانیه
خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ردانیان ده‌كەن
كارگه‌كانى شه‌ربه‌تى هه‌نار له بیتوێن رێنماییان پێدرا
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له سنوورى ده‌شتى بیتوێن له ئیداره‌ى راپه‌ڕین، كارگه‌كانى دروستكردنى شه‌ربه‌تى هه‌نار ئاگاداركرانه‌وه بۆ له‌مه‌ودوا له كاتى كاركردن لایه‌نى ته‌ندروستى له‌به‌رچاو بگرن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ى چاودێرى رێنمایی پێدان.
له سنوورى کانیماران و گردجان له بیتوێن، نزیكه‌ى 10 كارگه‌ى تایبه‌ت به دروستكردنى شه‌ربه‌ت و داكوتاندنى هه‌نار هه‌ن.
لیژنه هاوبه‌شه‌كانى قایمقامیه‌تى رانیه به‌شێكی ئه‌و كارگانه‌ى به‌سه‌ر كرده‌وه و تێبینى ئه‌وه‌ى لێ‌كردن، لایه‌نى ته‌ندروستیان بۆ كاره‌كان له‌به‌رچاو نه‌گرتووه.
لیژنه‌كه له راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت، بە مەبەستی جێبەجێکردنی مەرج و رێنماییەکان و پاراستنی گیان و تەندروستی هاوڵاتیان، سەردانی چەند کارگەیەکی دروستکردنی شەربەتی هەناریان كردووه.
چوار له‌و كارگانه‌ى سه‌ردانیان كردوون رێنمایی ته‌ندروستیان پێدراوه و ئاگاداریش كراونه‌ته‌وه، كه له ئه‌گه‌رى پابه‌ندنه‌بوون، رێكارى توندیان له به‌رامبه‌ردا ده‌گیرێته به‌ر.
محه‌مه‌د بیتوێنی خاوه‌نى یه‌كێك له‌و كارگانه به 964ـى وت، لیژنه‌كه ته‌نیا رێنمایی ته‌ندروستیان پێداون، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌م ماوه‌یه خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ردانیان ده‌كەن.
وتیشی “شتێكی ئاساییه لیژنه‌كان سه‌ردانى هه‌ر شوێنێك بكه‌ن پابه‌ندبونى ته‌ندروستى بۆ شوێنه‌كان دووپات ده‌كه‌نه‌وه، ده‌نا ئه‌و كارگانه‌ى ئێمه وه‌كو پێویست له‌به‌رچاویان گرتووه”.