"پرۆسەیەک دەستیپێکردووە"

964 هۆکاری گۆڕینی چوار بەڕێوبەرەکەی سلێمانی ئاشکرا دەکات

964+
دیلان محەمەد جەزا

بە بڕیارێک، بەڕێوەبەری چوار بەڕێوەبەرایەتی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە سلێمانی لە شوێنەکانیان لابران، چوار کارمەند لە بەڕێوەبەرایەتییەکان بە وەکالەت لە شوێنەکانیان دادەنرێن.

ئەوان هەریەکە لە، (بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی، بەڕێوبەرایەتیی رێکخستنتی پسوڵەی خۆراک، بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی خۆراکی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی دروستکردنی دانەوێڵەی سلێمانی) ین.

رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە، بە تەلەفۆن بڕیارەکە بە بەڕێوەبەرەکان دراوە، هەمان رۆژ سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە 964 وت، “ماوەی دوو هەفتە دەبێت بڕیاری گۆڕینی ئەو چوار بەڕێوەبەرە هەیە، رۆژی دووشەممەش بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، تەنیا بە تەلەفۆنێک پێیان وتراوە ئەو چوار بەڕێوەبەرە لابراون”.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە بێت، “لە ماوەی رابردوودا، دوو بەڕێوەبەر بە نووسراو فەرمانی گۆڕانکارییان بۆ دەرچوێندراوە و یەکێکیان پابەند نەبووە لەسەر گۆڕانکارییەکە، لە بەرامبەردا وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەیەک پاکێج ئەو گۆڕانکارییانەی کردووە”.

بە گوێرەی سۆراغی 964، ژمارەیەک لەو بەرێوەبەرانە نزیک بە 10 ساڵ یان کەمتر لەو ماوەیە، لە پۆستەکانیاندا بوون، ئەوەش زانراوە، “ئەو بەڕێوەبەرانە بەبێ هیچ رێوڕەسمێک فەرمانەکەیان بۆ چووە و لە پۆستەکانیان نەماون”.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بە 964 وت، “وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم پرۆسەیەکی بەدەستەوەیە، تا ئەو بەڕێوەبەرانە بگۆڕدێن، کە ماوەیەکی زۆر لە پۆستەکانیاندا ماونەتەوە”.

ئەوەشی وت، “سەرەرای ئەوەی، رۆژی دووشەممە هەریەک لە بەڕێوەبەرانی چاودێریی بازرگانی، دابەشکردنی خۆراک، پسوڵەی خۆراک و دروستکراوی دانەوێڵە گۆڕدراون، لە جێگەیان کارمەندانی هەمان بەڕێوەبەرایەتی بە وەکالەت بۆ ماوەی شەش مانگ دادەنرێن، ئەگەر سەرکەوتووبون لە پۆستەکان، جێگیر دەکرێن”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی بازرگانی: چاوەڕێدەکەین هەفتەی داهاتوو بەغدا ...

وەزارەتی بازرگانی: چاوەڕێدەکەین هەفتەی داهاتوو بەغدا پارە بنێرێت