له‌ كردنه‌وه‌ی یاریگه‌ی مینا كاره‌با بڕا

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵلا – هه‌ولێر

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26ـ كانوونی یه‌كه‌م، به‌ ئه‌نجامدانی یارییه‌كی دۆستانه‌، یاریگه‌ی مینا له‌ شاری به‌سڕه‌ بۆ جامی كه‌نداوی 25 كرایه‌وه‌، له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كه‌شدا كاره‌با بڕا.

له‌ رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی یاریگه‌كه‌، ئه‌حمه‌د موبه‌رقه‌ع وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی عێراق و عه‌دنان درجال سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌ی فه‌رمی و وه‌رزشی و چه‌ند باڵیۆزێكی وڵاتانی كه‌نداو ئاماده‌بوون.

ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌كه‌ ساده‌ بوو، به‌ڵام 30 هه‌زار هانده‌ر ئاماده‌بوون.

هاوكات یارییه‌كی دۆستانه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ی مینای به‌سڕه‌ و كوێتی كوێتی به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ تێیدا یانه‌ی كوێتی كوێتی یارییه‌كه‌ی به‌ 2-1 گۆڵ برده‌وه‌.

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو له‌ گه‌رمه‌ی یارییه‌كه‌دا كاره‌بای یاریگه‌كه‌ بڕا، به‌ڵام دواتر چاره‌سه‌ر كرا.

یاریگەی مینای ئۆڵمپی.. فۆتۆ: سۆشیال میدیا

یاریگه‌ی مینای ئۆڵمپی بۆ پاڵه‌وانیه‌تیی جامی كه‌نداو دروستكراوه‌، كه‌ جێگه‌ی 30 هه‌زار هانده‌ری تێدا ده‌بێته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ یاریگه‌ی مه‌شقیشی هه‌یه‌، بڕیاریشه‌ یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می جامی كه‌نداو له‌خۆ بگرێت، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ تیپه‌كانی “قه‌ته‌ڕ، ئیمارات، كوێت و به‌حرێن.

جامی كه‌نداوی 25 رۆژی شه‌شی مانگی داهاتوو به‌ به‌شداریی هه‌شت هه‌ڵبژارده‌ له‌ به‌سڕه‌ ده‌ستپێده‌كات و تا 19ی هه‌مان مانگ به‌رده‌وام ده‌بێت.