زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی - وێنە: پەیجی زانکۆکە
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وا دەڵێت
تا 10 رۆژی دیکە خوێندکارانی تازە وەرگیراو دەبێت سەردانی زانکۆ بکەن
964+
توانا نەقی
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایگەیاندووە ئەو خوێندکارانەی وەرگیراون بۆ ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگەکان، دەبێت زوو فریا بکەون و لە ماوەی 10 رۆژدا مامەڵەکانیان تەواو بکەن.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، ئێستا فەرمانی زانکۆیی بۆ خوێندکاران دەرچووە و دەتوانن لە ئەمڕۆوە 30.10.2023 و بۆ ماوەی 10 رۆژ مامەڵەکانیان دەست پێبکەن .
فەرمانە زانکۆییەکە پێکهاتووە لە، گۆڕینی شوێنی خوێندن، فۆڕمی راستەوخۆیی، فۆڕمی کورسی بەتاڵ، ئەو خوێندکارانەی فۆرمی زانکۆلاینیان نەناردووە بۆ قۆناغی کۆتایی و لیستی ئەو خوێندکارانەی سکاڵایان بە سیستمی زانکۆلاین پێشکەش کردووە.
ئەو خوێندکارانەی وەرگیراون دەتوانن سەرەتا لە پۆرتاڵی زانکۆی پۆلیتەکنیک خۆیان تۆمار بکەن و پاشان سەردانی ئەو کۆلێژ و بەشانە بکەن کە لێی وەرگیراون.
ئەوەش هاتووە، ئەو خوێندکارانەی گۆڕینی شوێنی خوێندنیان ئەنجامداوە بە سیستمی زانکۆلاین، پێویست ناکات سەردانی تۆماری گشتی زانکۆ بکەن، بەڵکو لە ئەمڕۆوە سەردانی شوێنی وەرگرتنی پێشوویان بکەن و دۆسییەکانیان هەڵگرن لەوێ و بیبەن بۆ شوێنە تازەکەیان.