بۆ ئەوەیە گزی نەکەن

داوا دەکرێت مارکێت و هەرزان بازاڕەکان کاشێری دووڕوو بەکاربهێنن

پێشەوا محەمەد

قایمقامییەتی قەزای رانییە داوا لە مارکێت و هەرزانبازاڕ و مۆڵەکان دەکات کاشێری دووڕوو بەکاربهێنن تا کڕیارانیش نرخی کەلوپەلەکان ببین لە کاتی حسابکردندا.

لیژنەکانی قایمقامییەت بەسەر مارکێت و مۆڵەکاندا گەڕاوە و سەرەتا بەو مارکێت و مۆڵانەی جێبەجێ دەکەن کە گەورەن.

کارزان سلێمان، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی رانییە بە 964ـی وت، “ئەو سیستمە گرنگە بۆ ئەوەی خاوەن مارکێت و دوکان و شاگردەکانیان هەوڵی زیادوەرگرتن نەدەن و کڕیاریش راستەوخۆ نرخی ئەو شتانە ببینێت کە کڕیونی”.

دەشڵێت، چەند حاڵەتێک هەبووە لەبەرئەوەی کڕیار شاشەی کاشێرەکەی نەبینیوە نرخی زیاتری بۆ حساب کراوە و لێیوەرگیراوە.

قایمقامییەتی رانییە بە نیازە بە شێوەی قۆناغبەندی سەرجەم مارکێت و دوکان و مۆڵەکان ناچار بکات ئەو سیستمی کاشێرە بەکاربهێنن.

بەپێی بەدوای بەدواداچوونێکی 964 دەرکەوتووە، دانانی سیستمێکی کاشێری دووڕوو بڕی 450 بۆ 550 دۆلاری تێدەچێت.